چاوپێکەوتن بۆ پاڵێوراوانی 30کارمەندی سەربە پەیمانگاو سەنتەرەکان بەڕێوەدەچێت.
بەمەبەستی خزمەت کردنی زیاتر بە دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ،بەڕێز خاتوو کوێستان محەمەد ،وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ، ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ دامەزراندنی 30 کارمەند بۆ پەیمانگاکانی سەربە چاودێری کەمئەندامان و سەنتەری ئۆتیزم لە سلێمانی و شارۆچکەی بازیان وەرگرت.
هەر لەسەر بڕیاری بەڕێزیان لیژنەیەک بەسەرۆکایەتی بەڕێز م.ئیسماعیل ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی ،بەڕێزان بێستون جەبار و ئارام ئەنوەر وەک ئەندامانی لیژنەکە بۆ دانانی کەسانی گونجاو دەست بەکار بوون.
پاش پڕکردنەوەی فۆڕم لەلایەن بەشداربووان، لیژنەی ناوبراو سێ کۆبونەوەی ئەنجامداو سەرجەم ئەو بەڕێزانەی فۆڕمیان پڕکردبویەوە بە پێی خاڵبەندی ، وردبینی و هەڵسەنگاندنیان بۆ کراو شایستەترینیان بەمەبەستی چاوپێکەوتن دەستنیشان کران.
خاڵبەندی و دانی نمرە بۆ بەشداربوان بەپێی (بوونی هاوسەر، ژمارەی منداڵ ، کەمئەندامی ، جۆری زانکۆ ، ساڵی دەرچوون ، تێکڕای نمرەی دەرچوون، کاری خۆبەخشی) کرایە پێوەر بۆ دەستنیشان کردنی شایستەرینیان.
بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی ناوبراو ئاگاداری سەرجەم ئەو بەڕێزانە دەکات کە ناویان لە لیستەکاندا هەیە لەو ڕێکەوتەی لەخوارەوە دەستنیشان کراوە سەردان بکەن بە مەبەستی چاوپێکەوتن لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆڕو تایبەت مەند و دیاری کردنی 30 کارمەند بۆ ئەو پسپۆڕیانەی داواکراوە.
تێبینی:-
١- چاوپێکەوتن لە سەنتەری ڕۆشنایی بۆ نابینایان ،گەڕەکی بەختیاری ،بەرامبەر مزگەوتی بەختیاری دەبێت.
۲- پێویستە پاڵێوراوان لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 24ـی 5ـی2023، کاتژمێر 9 لە شوێنی دەستنیشان کراو ئامادەبن.
۳- هەموو پاڵێوراوێک پێویستە لەفایلێکدا(کارتی نیشتیمانی ، پشتگیری موختار ، کارتی زانیاری ،بڕوانامە، پشتگیری خۆبەخشی ، ئەزمونی کارکردن ، سیڤی (زانیاری کەسی) ) لەگەڵ خۆی بهێنێت.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی
21ـی ئـایـاری 2023