پاش دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕێنمایی پێشکەش بە 30 کارمەند دەکات.
هیوا ڕەحمان: ئامانجی پەیمانگاو سەنتەرەکان خزمەتکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتەو پێویستە لە بەرزترین ئاستدا ئەو ئەرکانە جێ بەجێ بکرێن.
پاش دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست ،ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمـی /2023، لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربونیان بەڕێز هیوا ڕەحمان، ڕاوێژکاری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێزان لەتیف شێخ عەزیز بەڕێوەبەری چاودێری کەمئەندامانی سلێمانی، هیوا سەعید سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ، گەڵاڵە شکور لێپرسراوی هۆبەی میلاکات، لەکۆبونەوەیەکدا ڕێنمایی پێویستیان پێشکەش بە 30 کارمەند کرد کە لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم و پەیمانگاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کەمئەندامان دامەزران.
لە کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی لە کارمەندە نوێیەکان کراو ئەرکە وەزیفییەکانیان بۆ شیکرانەوەو، هەروەک بە وردی ئاماژە بە و یاسایانە کران کە پەیوەندی نێوان کارمەندان و حکومەت ڕێکدەخات، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا ئەرک و مافەکانی ڕوونکرایەوە، وە ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی هۆکارو سەرچاوەی بڕیارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خرانەڕوو کە ئامانج لە بڕیارەکان خزمەتکردنی هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستى تایبەت و ئەو کەسانەیە کە ڕوو لەم سەنتەر و پەیمانگاکان دەکەن ئەوەش لە چوارچێوەى یاساو ڕێنماییەکاندا.
|