بەڕێوەبەری گشتی پێشوازی لەو لاوانە کرد کەدوای 18ساڵ مانەوەیان لە ماڵەکانی سەربە چاودێری کۆمەڵایەتی ، بەشێوەی گرێبەست دامەزران.
ئەمڕۆ چوارشەممە،1ـی 2ـی2023،بەڕێز م. ئیسماعیل ڕەشید ،بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێزان ،ئاراس ناصر ،بەرپرسی پارێزگاری خێزان، هیوا ڕەحمان، ڕاوێژکاری یاسایی ، هیواسەعید، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، پێشوازی کرد لە ژمارەیەک لەو لاوانەی پاش بەسەربرنی ماوەی یاسایان لە ماڵەکانی سەر بەچاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، بەشێوەی گرێبەست دامەزران.
لە دیدارێکدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی دامەزراندنی لێ کردن و چۆنیەتی هەڵس و کەوت و کارکردن وەک فەرمانبەر و مامەڵەی دروست و ڕێز گرتنی ئەو هاوڵاتیانەی سەردان دەکەن بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکانیان و جێبەجێکردنی ئەرک و یاساکان بۆ لاوەکان ڕوون کردەوەو هیوای خواست خزمەت بەو جێگەیە بکەن و بیپارێزن کە تیایدا گەورە بوون و ڕێنمایی پێویستی لەو بوارەوە پێدان.
لەبەرامبەردا ئامادەبووان سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێز خاتوو کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیان کرد بۆ ئەو کارە گرنگانەی بۆیانی دەستەبەر کردوون لە دابین کردنی یەکەی نیشتەجێ بوون و دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست و سوپاسی بەڕێوەبەری گشتیان کرد کە هەمیشە خەمخۆر و ئاگاداری بارودۆخی ژیانیانن و دڵنیایان دا لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتیە دەبن کە پێیان سپێردراوە.
ئەوەی جێگەی باسە لەماوەی ڕابردوودا سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لەسەر داوای وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو دوو گرفتەی ڕوبەڕووی ئەو لاوانە دەبوەوە دوای تەواو بوونی تەمەنی یاساییان لە ماڵەکانی سەر بە چاودێری کۆمەڵایەتی بێ کار و لانە دەمانەوە چارەسەرکرد لەڕێی دابین کردنی یەکەی نیشتەجێبوون و دامەزراندنیان لە دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەی گرێبەست .
|