دەرەنجامەکانی پڕۆژەی بەرزکردنەوەی توانای کارمەندانی ماڵی داڵدەدانی ژنان لە شاری سلێمانی خرایە ڕوو، ئامانج لە پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی توانایی کارمەندان و ئاشناکردنیان بە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو فشارە دەروونیانەیی کە توشیان دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ،24ـی ئــابـی 2022بە ئامادەبوونی بەڕێزان ، ئیسماعیل ڕەشید ، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ، ئاراس ناصر ،بەرپرسی پارێزگاری خێزان، خاتوو ژیار جەلال ، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ،خاتوو تریفە محەمەد، بەڕێوەبەری ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو،ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان بەمەبەستی ناساندنی " هەڵسەنگاندن و خستنەڕووی دەرەنجامەکانی پرۆژەی بەرزکردنەوەی توانایی کارمەندانی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو" لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی ووچان لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەسەرەتادا بەڕێز ئاراس ناصر ،وتەی بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرد و ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی لە پێشخستنی پرسی ژنان ئاماژەی بە ناوەڕۆ و گرنگی پڕۆژەکە خستە ڕوو لەدواتردا هەریەکە کارین ملۆدۆخ بۆپێشکەشکردنی وتەی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی و لاڤە موحەمەد بۆپێشکەشکردنی وتەی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد بەردەوامی هەبوو، بۆ قسەکردن دەربارەیی پرۆژەی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو لەلایەن نیاز ساڵح لە ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد وتەی خۆی پێشکەشکرد.
لەکۆتایدا پرۆژەیی داهاتووی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد لەلایەن فێنک کەمالەوە خرایەڕوو کەبریتیە لە پڕۆژەیەک بۆ ئەنجامدانی ڕاوێژی پێش هاوسەرگیری بۆ هاوژینەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی.
نیاز ساڵح، لێپرسراوی پڕۆژەی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو لە ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد، ئاماژەیی بە گرنگی ماڵی داڵدەدانی ژنان کرد لە ئێستا و داهاتوودا و وتی: " ئەو ژنانەی کێشەیەکیان هەیە و خێزانەکانیان نایانگرنە خۆیان دێنە ماڵی داڵدەدان بۆ پاراستنی ژیانیان بۆیە پێویستە زیاتر گرنگی بە ماڵەکە بدرێت و بەرەوپێش بچێت و پێداویستییەکانیان بۆدابینبکرێت، لە ئەنجامی پێویستی بەرزکردنەوەی تواناکانی کارمەندانی ناو ماڵی داڵدەدانەکە ئەم پڕۆژەیە لەدایکبوو کە هەموو کارمەندان لە بەڕێوەبەر تا پاسەوانی ناو ماڵی داڵدەدانەکە لێی سوودمەندبوون."
لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خانزاد بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی ووچاندا پڕۆژەیەکیان ڕاگەیاند بە ناوی "بەرزکردنەوەی توانایی کارمەندانی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو"، ئامانج لە پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی توانایی کارمەندان و ئاشناکردنیان بە بەشەجیاوازەکان و پاراستنی سنوری کارکردنیان لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو فشارە دەروونیانەی کە توشی کارمەندانی دامەزراوەکە دەبێت وە دانانی میکانیزم وڕێوشوێن بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانیان چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو کەیسانەی ڕوودەکەنە ماڵی داڵدەدانەکە