"بەڕێوەبەرایەتى گشتى بە گشتاندنێک ئەرکەکانى توێژەرى دایەنگەکان دیارى دەکات"
ئەرکی سەرەکی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونى دایەنگەکان پێدانی ڕێنمایی بە ستافەکا ن و پاراستنی مافی منداڵانە
بە پێی گشتاندنێک کە ژمارە (٣٥٧) لە بەرواری (٢٨ی ١ی ٢٠٢٠)ى لەسەرە، بەشی دایەنگەکان لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى لەپارێزگاى سلێمانى، ئەرکەکانی توێژەری دایەنگەکان دەستنیشان دەکات کە گرنگترینیان بریتیە لە پێدانی ڕێنماییی پێویست بە ستافەکانی دایەنگە لەسەر چۆنیەتی هەڵسو کەوتکردن لەگەڵ منداڵان و پەروەردە کردنیانو پاراستنی مافەکانیان.
لە پێشەکی گشتاندنەکەدا هاتووە: " ئاماژە بە بڕگەی (2) لە ماددەی (7)ی سیستەمی دایەنگاكان، ژمارە (٧) ی ساڵی (٢٠١٣)، بەمەبەستی باشتر ڕێکخستنەوەی کاری دایەنگەکان و باشتر خزمەتکردنی منداڵان، ئەرک و کاری توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی دایەنگەکان بەمجۆرەی خوارەوە دەستنیشان دەکەین بەمەبەستی پاپەندی و جێبەجێكردنیان".
ئەرکەکان بەمجۆرە دەستنیشانکراون:
1- توێژەر ئەرکیەتی ڕێنمایی پێویست بدات بە ستافەكانی دایەنگە لەسەر چۆنیەتی هەڵس و كەوت كردن لەگەڵ منداڵان و پەروەردە كردنیان و پاراستنی مافەكانیان، و گرنگیدان بە منداڵ لەڕووی هەست و سۆزەوە، هەروەها سەرپەرشتی و بەدواداچوونی کارەکانی دایەنگە لەم بوارەدا.
2- پێویستە توێژەر پەیوەندی تەواوو بەهێزی هەبێت لەگەڵ خێزانی منداڵەكان.
3- توێژەر بەرپرسە لە دۆسیەی منداڵ، لە ڕووی ( كارتی تەندروستی منداڵ، وێنەی كەسی، پێناسی منداڵ، فۆڕمی تایبەت بە وەرگرتنی منداڵ لە دایەنگە، هەموو بەڵگەنامە پەیوەندیدارەكان).
4- دانانی پلانی ڕۆژانەی منداڵ لەناو دایەنگە بە پێی تەمەن و سەرپەرشتیكردنی( چالاكی پەروەردەیی، چالاکی وەرزشی، چالاکی زانستی و گەشەکردنی زمان و لایەنی كۆمەڵایەتی بە میکانیزم و شێوازی گونجاو لەگەڵ تەمەنیدا، هەروەها ڕێکخستنی سەردانیكردنی شوێنەكان بە پێی پێویست و توانای جەستەیی و ژیریی منداڵ).
5- چاودێریكردن و چارەسەركردنی گرفتە دەروونی وكۆمەڵایەتییەكانی منداڵ( تێكەڵ نەبوونی منداڵان، و گرفت لە قسەكردن و شەرمكردن و گۆشەگیری و ڕاڕایی و ترس)، بە هەماهەنگی لەگەڵ خێزان و ستافی دایەنگە).
6- گرنگیدان بەگرفتە ڕەفتارییەكان (بەكارهێنانی وشەی نەشیاو، بردنی شت و کەل و پەلی دایەنگە یان هاوڕێکانی،ڕاستگۆ نەبوون، هەرگرفتێكی تری ڕەفتاری).
7- دروستكردنی هەستی باوەڕ بەخۆبوون و پشت بەستن بە خود بە پێی تەمەنی منداڵەكە (خۆگۆڕین، چونە توالێت، و ...).
8- دیاریكردنی تواناو لێهاتووییەكانی منداڵ و گرنگی پێدانیان.
9- ئامادەكردنی ڕاپۆرتی وەرزی لەسەر هەر منداڵێك و پاراستنی كۆپییەك لە ڕاپۆرتەکە لە فایلی منداڵ و ناردنی كۆپییەك بۆ خێزانەكانیان.