چوار ساڵ بەسەر دەست بەکاربوونی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی تێدەپڕێت.
ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی داتای چوار ساڵی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاودەکاتەوە.
کوێستان محەمەد: "داوای لێبوردن لەهەر هاوڵاتیەک وخاوەن پێداویستیەکی تایبەت دەکەم کە نەمتوانیبێ وەک پێویست لە خزمەتیانا بین و هاوڵاتیان خۆیان دەزانن توانای ئێمە بۆ هاوکاری سنوردارە"
لەماوەی چوار ساڵدا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاو بونەوەی پەتای کۆڕۆنا
لەم کابینەیەدا وەزارەتی کارو کاروبای کۆمەڵایەتی چی بۆ هاوڵاتیان وچین و توێژە جیاوازەکان کردووە؟
داتاکان چی دەڵێن؟
چوار ساڵ لەمەو بەر و لە 18ـی تەمووزی 2019، کابینەی نوێی حکومەت دەستبەکاربوون لە نێوانیاندا خاتوو کوێستان محەمەد وەک وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی بەکارەکانی کرد ، بەپێی ئامارەکان لەم کابینەیەدا خزمەتێکی گەورە بە چین و توێژە جیاوازەکان کراوە کە خۆی لە دروست کردنی بینا و هەلی کار و دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست و تۆمارکردنی کەمئەندامی نوێ و خول و ڕاهێنانی جۆراو جۆر و چاکسازی لە سەرجەم دامەزراوەکانی وەزارەت و چەندین پڕۆژەی جیاواز دەبینێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی (www.socialsuli.com) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەڕێز خاتوو کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە.
سڵاو و ڕێز خوێنەرانی بهڕێز، سڵاوتان لێ بێت لهم دیداره تایبهتهدا، میوانداری بهڕێزخاتوو کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین. سوپاس بۆ ئێوه بهڕێز وەزیری کار بۆ ئهو كاتهی پێت بهخشین. به پرسیارێك دهست پێدهكهین.
⚫چوار ساڵ بەسەر دەست بەکاربوونتان وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تێدەپەڕێت ئەدای ئێوە چۆن بووە ؟ دەتوانن بڵێن سەرکەوتوو بوون؟
🔴خاتوو کوێستان محەمەد :
بەخێر بێن . لە سەرەتای دەست بەکاربوونمان بە بەرنامەو پلانێکی تۆکمە دەستمان بەکارەکانمان کرد و لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدابەهاوکاری سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و پێکەوە لەگەڵ بەڕێز بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکان و سەرجەم کارمەندانمان خزمەتێکی گەورەمان بە چین و توێژە جیاوەزەکان کردووە سەرەڕای قەیران و ڕێگریەکان کارەکانمان سەلماندویانە کە سەرکەوتو بوین لە پێشکەش کردنی خزمەت گوزاری و جێبەجێکردنی پلانەکانمان.
⚫وەزارەتی کار چی بۆ گەنجان کردووە؟
🔴 خاتوو کوێستان محەمەد :
گەنجان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە پێک ئەهێنن لەساڵی یەکەمی دەستبەکاربونمان هەنگاوی یەکەممان پڕۆژەی قەرزی بچوک و پڕۆژەی بچوک بۆ لاوان بوو و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاومان لە هەلی کار بۆ گەنجان ڕەخساندوە لە کەرتی تایبەت و گشتی ناڕەستەوخۆ بەشداربوین لە ڕەخساند هەزاران هەلی کار لەڕێگەی پڕۆژە و کەسی یاریدەدەر وەزیاتر لە 7000 گەنج بەشداری ڕاهێنانەکانی بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پیشەییان کردووەو لەوانەش لە سەدا 30یان بونەتە خاوەن کاری خۆیان.
⚫لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا چەند هەوڵێک لە دژی بەڕێزتان هەبوون بۆ ناشرین کردنی خۆتان چواردەورەکەتان و وەزارەتی کار.
🔴 لەڕاستیدا پاش دەستبەکاربوونمان ژمارەیەک هەنگاوی گرنگمان نا کە چاکسازی بوو لە تەواوی جومگەکانی وەزارەت و رێگری کردن لە گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی بەدڵنیاییەوە ئەمە دژی بەرژەوەندی هەندێک کەس بوو ،بۆیە بەهەر جۆرێک بێت هەوڵەکانیان بۆ ناشرین کردنمان دەست پێ کرد و سەرئەنجام هیچ هەوڵێکیان بە ئامانج نەگەشتن چونکە کاری ئێمە دوورە لە حزبایەتی و بەرژەووەندیە تاکەکەسیەکان و دڵخۆشین بەوەی کردومانەو ئامارەکان لەبەر دەستن بۆ هەر کەس بیەوێ بزانێ ئێمە چیمان کردووەو دژی چی بووین و بێ گومان بێ کەموو کوڕیش نەبووین.
⚫ کەمئەندامان چینێکی گرنگی کۆمەڵگان و پێویستیان بە هاوکاری و بەردەوام هەیە ئەم چوارساڵە بۆ ئەوان چی گۆڕانکاریەکی بەخۆیەوە بینی؟
🔴 بەدڵنیایەوە ئەوان پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیەو پێویستە بەردەوام پاڵپشتی بکرێن گرنگترین کارێک کردومانە بۆ ئەوان تۆمارکردنی 14 هەزار کەمئەندامی نوێیە کە بە خۆشحاڵیەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر داوای ئێمە ڕەزامەندی داوە ئەمەش و هەموار کردنەوەی یاساکەیان بە شێوازێک کە درشمی خاوەن پێداویستی تایبەت جێگای ڕێزن نەک بەزەیی تیایدا ڕەنگی دایەوە ،لە ئێستادا بەردەوامین لە بەدواداچونی ڕێکارەکانی تۆماری نوێی کەمئەندامان و هەوڵ دەدەین بەزوویی هاوکاری وەربگرن .
پاشان لەسەر ئەرکی خۆمان و خێرخوازان و ڕێکخراوەکانەوە ژمارەیەکی بەرچاو کورسی کارەبایمان بۆ هاوڵاتی خاوەن پێداویستی تایبەت دابین کردووە و ئێمە بەردەوام لەڕێی پاکێجی خواردن و هاوکاریەکان خزمەتمان کردووە و وە داوای لێبوردن لەهەر هاوڵاتیەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەم کە نەمتوانیبێ وەک پێویست لە خزمەتیانا بین و هاوڵاتیان خۆیان دەزانن توانای ئێمە بۆ هاوکاری سنوردارە.
⚫ئایا هیچ پڕۆژەیەکتان هەبووە ؟ پڕۆژەکان لە چی ئاستێکدا بوون و بۆ چی توێژێک بووە؟
🔴 ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگمان ئەنجام داوە وەک کە هەندێکی لەڕێی خێرخوازەوە بووەو هەندێکی لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم بووە، لەوانە دروست کردنی ژمارەیەک کردنەوەیژمارەیەک سەنتەری ئۆتیزم ، کردنەوەی چەندین بەڕێوەبەرایەتی و بەشی گرنگ بۆ خزمەتی زیاتری هاوونیشتیمانیان دامەزراندنی سێ سەنتەری ڕاهێنانی پیشەیی نوێ بۆ ڕاهێنانی گەنجان لەسەر پیشە جیاجیاکان سەرەڕای نۆژەن کردنەوەی ژمارەیەکی ترلە دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانمان.
⚫وەک ئاشکرایە بەڕێزتان لەڕێگەی کەسایەتی و خێرخوازانەوە بەردەوام هەوڵی پڕکردنەوەی کەموکوڕی و چارەسەر کردنی گرفتەکان دەدەن هاتنە پێشەوەی کەسایەتیە خێرخوازان و هەماهەنگیتان لەگەڵیان لە چی ئاستێکدایە؟
🔴 دەمەوێت لێرەوە زۆر سوپاسی ئەو کۆمپانیاو ڕێکخراوو کەسایەتیە دڵسۆزانە بکەم کە هەمیشە هاوکارو دەستگیرۆیی هەژاران و هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و منداڵانی بێسەرپەرشت و ماڵەکانی سەر بەچاودێریە کۆمەڵایەتیەکانمان دەکەن و کردویانە و بە سەرمایەکانیان توانیویانە چی لە ڕێگەی ئێمەو چی لە ڕێگەی خۆیانەوە ماڵەکان ئاوەدان بکەنەوەو هەزاران کەس ڕزگار بکەن ، چونکەـ ئێمە چوینەتە درگای ژمارەیەک لە خێرخوازان و داوامان کردوە بەشێک لە سەرمایەکانیان بۆ پڕۆژەی خێرخوازی وەک سەنتەری ئۆتیزم ماڵی بەساڵاچوان پڕۆژەی تر بۆ سودمەندان دابین بکەن بەخۆشحاڵیەوە ژمارەیەکیان هاتوون بەدەم داواکەمانەوەو ژمارەیەکیشیان ئامادەییان دەرنەبڕیوە و ڕەتکردۆتەوە لەهەمانکاتدا هەندێک لەو کۆمپانیاو کەسایەتیانە مانگانە بەردەوام هاوکاری بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت و بەساڵاچوان دابین دەکەن و پێویستمان بەهاوکاری زیاترە.
⚫ چیتان بۆ منداڵان کردووە؟
🔴ئێمە خزمەت بە دووجۆر لە منداڵان دەکەین کە منداڵانی خانەخوێ و ئاوەرەن، لە کەمپەکان پڕۆژەمان لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف هەیەو ڕۆژانە چالاکی جۆراو جۆر لە ڕێگەی تیمەکانمان پێشکەش بەو منداڵانە دەکرێن و سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵانیشمان لە کە لە شارو شارۆچکەکانن چالاک کردۆتەوە کە پێشتر داخرابوون لە ئێستادا بێ بەرامبەر خزمەت دەکەن وئەمساڵ خزمەت بە زیاتر لە 15 هەزار منداڵ کراوەو چالاکی مۆسیقاو وەرزشی و هونەری تێدا ئەنجام دەدرێت.
لێرە کلیک بکە بۆ بینینی ڕاپۆرتی چوار ساڵی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی.