ڕێکارەکانی وەرگرتنی بەخشراوان لە ماڵی ئارام دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەت لە قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی و ماڵی ئارامی بەسەرکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ، 21ـی ئایاری2024، بێستون جەبار بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی بەوەکالەت بە هاوڕێیەتی بەڕێز سۆران سەعید بەرپرسی بەشی پارێزگاری خێزان ، لە قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی و ماڵی ئارامی بەسەرکردەوە.
سەرەتا بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی چەمچەماڵ بەش و هۆبە جیاجاکانی بەسەرکردەوەو گوێی لە بەڕێوەبەرو کارمەندان گرت و دەستخۆشی لێکردن کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن.
دواتر بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی بە هاوڕێیەتی بەڕێزان هاوتا عەزیز بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ، بەرزان کەریم بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی چەمچەماڵ لەماڵی ئارام بۆ بەخشراوان لەگەڵ بەرپرس و کارمەندانی ماڵەکە کۆبونەوە و هۆڵ و یەکەکانی بەسەرکردەوە
بەڕێوەبەری گشتی لەکۆبونەوەکەدا ، سوپاسی خاتوو کوێستان موحەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە ژمارەیەک پێداویستی گرنگی بۆ ماڵەکە دابین کردوە لەوانە مۆلیدەیەک بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام.
بەڕێوەبەری گشتی ئەرکی ماڵەکەی بە قورس باس کرد و ڕێنمایی پێویستی پێدان لە مامەڵی درووست لەگەڵ سودمەندان و سەردانیکەران و هیوای خواست بە دڵسۆزیەوە ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن تا زۆرترین خزمەت بە بەخشراوان بکرێت .
بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ، دەستخۆشی لە بەڕێزان وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری گشتی کرد وخۆشحاڵی خۆی دەربڕی و پشتیوانی خۆی بۆ ماڵەکە دوپات کردەوە.
ماڵی ئارام بەهەوڵی خاتوو کوێستان موحەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرایەوە و تاکە پڕۆژەیە لەهەرێمی کوردستان دا کە بەخشراوەکان تیایدا بەبەردەوامی دەمێننەوە ، وەتوانای لەخۆگرتنی 34 سودمەندی هەیەو بەخشراوەکان لەسەر شەقام و بازاڕ وکۆڵانەکان دوور دەخاتەوە.