لە مەڕاسیمێکی شایستەدا هونەرمەندی شێوەکارو سودمەندی ماڵی بەساڵاچوان محمد حەسەن ناسراو بە ناشاد بەخاک سپێردرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە،9ـی ئـــایــاری2024، بەئامادەبوونی خاتوو کوێستان موحەممەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ، بێستون جەبار بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت ، ئاوات موحەممەد قائمقامی سلێمانی و بەرپرس و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ،ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی ، هونەرمەند ناشاد بەخاک سپێردرا.
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە میانی پرسەکەدا هاوخەمی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند سەربەرزیە بۆمان کە ماوەی چەند ساڵێک خزمەتمان بە هونەرمەندێکی گەورەی وەک ناشاد کرد کە دوا ساتەکانی ژیانی لە ماڵی بەساڵاچوان بەڕێکرد و بەوردی چاودێری کرا.
لەومەڕاسیمەدا کە لەکۆمەڵگەی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بەڕێوەچوو دوای ووتەی بەڕێزان خاتوو ژیار جەلال بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی و بنەماڵەی کۆچکردوو تەرمی ناوبراو بەرەو گۆڕستانی سەیوان بەڕێکراو لەوێ بەخاک سپێردرا .
ئەوەی جێی ئاماژەیە ناوبراو هونەرمەندێکی شێوەکاری گەورەی شاری سلێمانی بوو کە بڕیاربوو بەم نزیکانە پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ ساز بکرێت ،بەڵام پاش ئامادەکاریەکان ناوبراو لە 7ـی5ـی2024 ، بەنەخۆشی شێرپەنجە گیانی سپارد.
|