لە مەڕاسیمێکی شایستەدا یەکەمین رێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی شەهید نەقیب محەمەد لەتیف بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ دووشەممە،4ـی کانوونی یەکەمی/2023، بە ئامادەبوونی بەڕێزان قوباد طاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، خاتوو شاناز ئیبراهیم خانمی یەکەمی عێراق ، م.ئیسماعیل ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی و خێزان و بنەماڵە و هاوڕێ و هاوكارانی كۆچكردوو، یەکەمین رێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی شەهید نەقیب محەمەد لەتیف بە دروشمی هیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بەساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و دواتر لە کورتە ڤیدیۆیەکەدا چۆنییەتی شەهیدکردنی نەقیب محەمەد لەتیف گێڕدرایەوە، هاوکات وتاری بنەماڵە لەلایەن شۆخان شەریف هاوسەری کۆچکردوو خوێندرایەوە و رایگەیاند:" سوپاسی هەموو ئەو بەربرس و لایەنانە دەکەین کە هەر لەسەرەتای شەهیدبوونی نەقیب محەمەدەوە لەگەڵمان بوون و هەموو هەوڵێکیان بۆ بەسزاگەیاندنی بکوژان داوەو بەڵێنیان پێداوین یاسا سەروەر بێت".وتیشی:"ئێمە وەک خێزانی نەقیب محەمەد بڕوای تەواومان بە خوای گەورە و سەروەری یاسا هەیە و پێشتریش بە هەموو جۆرێک سوڵحی عەشایەریمان رەتکردووەتەوە، شەرەفێکی گەورەشە بۆمان شەهید نەقیب محەمەد نازناوی یەکەمین شەهیدی پاراستنی ئاسایشی خێزانی پێبڕاوە، هەمووان بەسەربەرزی دەست لەسەر سنگ ناوی ئەم جوانەمەرگە دەهێنن".
هەر لە مەراسیمەکەدا فێنک شەفیق بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:"لەیادی دووساڵەی شەهیدبوونی نەقیب محەمەد لەتیف_دا سوپاسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەمیشە خەمخۆرە و بەتەنگ پرس و داوا رەواکانی ژنانەوە بووە، هاوکات خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی خەڵاتی شەهید نەقیب محەمەدی_شە".
هەر لەمەراسیمەکەدا ٤ قەڵغانی رێزلێنان پێشکەش بە هەریەک لە:ئارام قادر حەمە سەعید پۆلیسی پیادە کە لەلایەن ئاڵا لەتیف خوشکی شەهید نەقیب محەمەدەوە پێشکەشیکرا.- ئاکام هیدایەت عەبدوڵڵا کە لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراقەوە پێشکەشیکرا.-کوردۆ عومەر عەبدوڵڵا کە پێشتر بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بووە، لەلایەن شۆخان شەریف هاوسەری شەهید نەقیب محەمەدەوە پێشکەشیکرا.- عەمید سەرکەوت عومەر بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە لەلایەن د.هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ پێشکەشیکرا.دواتر خەڵاتی نمونەیی لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشی فاضل فاخر عەمیدی مافپەروەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە دهۆک کرا و کۆتایی بە مەراسیمەکە هێنرا.
شەوی 4ی کانوونی یەکەمی 2021 لە سلێمانی داواکراوێک ڕوبەڕوی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە ناوی (نەقیب محەمەد لەتیف) شەهیدکرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون و هەر ئەوکاتیش بکوژانی هەڵاتن ودواتر لەلایەن دەزگاا ئەمنیەکان دەستگیر کران.