بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕونکردنەوەیەک لەسەر بەخشراوەکان بڵاو دەکاتەوە.
هاوڵاتیانی خۆشەویست ...
لە ئێستادا لەناو شاری سلێمانی هاوڵاتیەک کە باری دەرونی ناجێگیرە و زانیاریمان پێدەدەن کە ئازاری هاوڵاتیان دەدات ، بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە بە پێی پەیڕەو ڕێنمایەکان ئەرکەکانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دیاری کراوەو خۆی لە داڵدەدانی بەخشراوەکان و هەموو ئەوانەی بەجۆرێک نەخۆشی دەرونیان هەیە نابینێتەوەو پاراستن و چارەسەرکردنیان وەزارەتی تەندروستی لێی بەرپرسیارە ئەوەی تائێستاش وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەخشراوان لە ئەستۆی گرتووە تەنها لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز خاتوو کوێستان موحەممەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بووە کە بەهەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک ڕێکار بۆ پاراستن و داڵدەدانیان گیراوەتەبەر و جێگەیەک یان ماڵێکی تایبەتمان بە بەخشراوان نیەو هەرکاتێک بەخشراوێک داڵدە دەدەین دەبرێتە ماڵی بەساڵاچوان کە گرفت بۆ بەساڵاچوان دروستدەکات و هەندێ جار ئازاری بەساڵاچوانمان دەدەن.
بەڕێزان هاوڵاتیانی خۆشەویست ، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەماوەی ڕابردودا چەند جارێک هەوڵەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی بەخشراوەکان چڕ کردەوە لە هەرسێ پارێزگای (سلێمانی و هولێر و دهۆک) ، تا بتوانرێت نەخۆشخانەیەکی تایبەت و بەکوالتی دروست بکرێت و سەرجەم بەخشراوانی تیا کۆبکرێتەوە کە تائێستاش هەوڵەکان بەردەوامیان هەیە.
بۆیە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە هەر گرفتێک پەیوەندیدار بێت بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاستەوخۆ بۆ چارەسەرکردنی هەوڵی جدی دەدرێت و هیوادارین بە هەموو لایەک بتوانین خزمەت بە هاوڵاتیان و نیشتیمانمان بکەین.
لەگەڵ ڕێزدا ..
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی.
9ـی تشرینی دووەمی /2023
|