دوای 14 هەفتە لە ڕاهێنان، لە مەراسیمێکی شایستەدا کۆتایی بە خولی زمانی ئاماژە هات.
ئیسماعیل ڕەشید: "پێویستمان بە دروست کردنی پەیمانگایەکی بەهێزە بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەر بۆ سەرجەم کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، وە پێویستە هەموو کەناڵ و فەرمانگەکان وەرگێڕی زمانی ئاماژەیان هەبێت "
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونـی یەکەمـی2022 ، بە ئادەبونی بەڕێزان ،م. ئیسماعیل ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ، کلاوس شترایشەر ، کونسوڵی گشتیی وڵاتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، م.دڵشاد عومەر،بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت، ژمارەیەک لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ، لە هۆڵی ڕێکخراوی CDO کۆتای بە خولی زمانی ئاماژە هات.
سەرەتای مەراسیم بە وتەی بەڕێز بەختیار ئەحمەد ، دەستی پێکرد و وتی" خولەکە بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی دروستکردنی وەرگێڕی زمانە ئاماژە داو لە ماوەی چوار مانگ دا بۆ 19 فێرخواز بووە کە پێشتر تەنها دوو وەرگێڕ هەبوون و لەئێستادا ژمارەکە بۆتە 21 وەرگێڕ وپیرۆزبایی لە بەشداربوان دەکەم و سوپاسی بەڕێز م. ئیسماعیل ڕەشید دەکەم کە ئاسانکار و هاوکار بوو لە سەرکەوتنی پڕۆژەکەو بە بەهیواین لە هەولێر و دهۆکیش پڕۆژەکە بەردەوام بێت و سوپاسی م. بەهار و م. گوڵزار دەکەین کە وانەکانیان وتەوە"
پاشان کونسوڵی ئەڵمانیا لە وتەیەکدا خۆش حاڵی خۆیان دەربڕی بە بەشداریان لە پڕۆژەکە و ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەمانەوێ کار بکەین بۆ پێشخستنی ئەم پڕۆژانە، پشتیوانی لەم جۆرە پڕۆژانە دەکەین ، سوپاسی تایبەتی وەزارەتی کار و CDO بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە.
پاشان بەڕێز م.ئیسماعیل ڕەشید، لەوتەیەکدا گرنگی پڕۆژەکەی ڕوون کردەوەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە خزمەتکردن لەپڕۆژەیەکی لەو جۆرە ، لەپاشان وتی "سوپاسی هەر وڵات و ڕێکخراوێک دەکەین کە پشتیوانی لە پڕۆژەی لەو چەشنە بکات و خزمەت کردن بێت بە خاوەن پێداویستی تایبەت ،وە پێویستمان بە دروست کردنی پەیمانگایەکی بەهێزە بۆ پێگەیاندنی ڕاهێنەر بۆ سەرجەم کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، وە پێویستە هەموو کەناڵ و فەرمانگەکان وەرگێڕی زمانی ئاماژەیان هەبێت "
لەبەشێکی تری وتەکەیدا هیوای خواست بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی ژمارەیەک لە وەرگێڕ و نابیست دابمەزرێنن وەک وانەبێژ ومامۆستای سوپاسی کونسوڵی ئەڵمانیاو ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەتی کرد و هیوای سەرکەوتی بۆ سەرجەم بەشداربوانی خولەکە خواست.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا ڕێزلێنانی تایبەت بەخشرایە بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی لەپای پاڵپشتی و پشتیوانی لە پڕۆژەکە و کارەکانی ڕێکخراوی CDOو مامۆستیان هەروەها بڕوانامە بەخشرایە سەرجەم بەشداربوان.
پڕۆژەکەلەسەر بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و بە پاڵپشتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەسەرپەرشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت بەڕێوەدەچێت.