فەریدون عزیز : "لە سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵان ٣٢٦٢ منداڵ سوودمەندبوون " .
بەشی پارێزگاری خێزان ڕاپۆرتێکی لەسەر منداڵانی
قەزاو ناحیەکان بڵاودەکاتەوه کە لەڕێی سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵانەوە لە چالاکیەکان و هاوکاریەکان سودمەند بوون و گرنگی دان بە منداڵان وەک کاری لە پێشینە ناو دەبات.
لە چوارچێوەی بایەخدانی بەڕێز وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و پلانی بەڕێوبەرایەتی گشتیمان، بایەخدان بە سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵان وەک کاری لە پێشینە دانراوە، چونکە ئەم سەنتەرانە دەکەونە قەزا و ناحییەکان و کەمترین دامەزراوە هەیە کە لەو شوێنانە کار بکەن لە بواری منداڵاندا.
پڕۆژەی پاراستنی منداڵ کە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی بە هاوکاری ڕێخراوی یونیسێف جێبەجێ دەکرێت، لە سەرەتاوە هاوتەریب لەگەڵ پلانی وەزارەتمان بایەخدراوە بە سەنتەرەکان. بۆ ئەم مەبەستەش هەندێ لە ستافەکانمان بەشداریان کردووە لە چەندین خولدا و ڕاهێنانی تایبەتیان پێ دراوە و لەم پڕۆژەیادا هاوکاری کراون بە دابین کردنی هەندێک لە پێداویستییەکان بۆ ئەوەی منداڵان لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکاندا زۆرترین سوود وەربگرن لەو بابەتە (دەروونی – کۆمەڵایەتی – پەروەردەیی – خزمەتگوزاری) کە لە لایەن سەنتەرەکانەوە پێشکەشیان دەکرێن.
فەرەیدون عەزیز ،توێژەری کۆمەڵایەتی و بەرپرسی یەکەی پاراستنی منداڵ بۆ ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وتی " ّدەست خۆشی لە بەڕێوەبەران و کارمەندانی سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵان دەکەین بەهۆی ماندوبونیان کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو (٧ + ٨ + ٩) توانراوە لە ڕێگەی ئەم سەنتەرانەوە خزمەتێکی باشی منداڵان بکرێت، لە سەنتەری پاراستنی دەربەندیخان (٦٥٢ منداڵ) و لە سەنتەری چەمچەماڵ (٨٥٠ منداڵ) و سەنتەری ڕانیە (٢٢٨ منداڵ) و سەنتەری پێنجوێن (٨٠٣ منداڵ) و سەنتەری پیرەمەگروون ( ٦٣٣ منداڵ) و سەنتەری قەڵادزێ (٩٦ منداڵ) سوودمەند بوون.
بە پێی توانای سەنتەرەکان و جۆری ئەو پێدویستیانەی کە لەو ناوچەیەدا هەیە، هەر لە کردنەوەی خولی زمان و ڕێنمای دەروونی کۆمەڵایەتی و خولی کۆمپیوتەر و چەندین یاری فێرخوازی و چەندین تەکنیک بۆ باش ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکانی ڕۆژەنەیان و یارمەتیدانی بیرەوەرییان. جگە لەمانەش لە سەنتەری پاراستنی منداڵانی ڕانیە بە هۆی هەبوونی ئەو توانایەی کە هەیە چەندین خوڵی تایبەت بە دایکانی منداڵانی بەشداربووی سەنتەرەکە و ژنانی ناوچەکە کراوەتەوە، لەوانە بابەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و خولی خەیاتی"