وردەکاری بڕیارێکی گرنگ بۆ توشبوانی ئۆتیزم.
ڕۆژی ٥شەممە ، ٣ـی٢ـی٢٠٢١، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی و بە واژووی بەڕێز، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە فەرمان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکات کە گرنگییەکی زۆر بە نەخۆشانی ئۆتیزم و خانەوادەکانیان لە فڕۆکەخانەکان بدرێت و بە زووترین کات کارەکانیان جێبەجێ بکرێت.
وەزارەتەکە بە سێ خاڵ فەرمانەکەی دەرکردووە و لە خاڵێکیدا هاتووە"هەر کاتێک نەخۆشێکی ئۆتیزم ئامادە بێت لە فرۆکەخانەکان لەگەڵ خێزانەکانیان کە بەڵگەنامەی پزیشکییان پێبێت کە ئەم حاڵەتە ئۆتیزمە، دەبێت بە زووترین کات کارەکانیان جێبەجێ بکرێت و لە هێڵی چاوەڕوانی رانەوەستن بەڵکو لە هێڵی تایبەت هەروەک هێڵی(بزنس) کارەکانیان جێبەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەی نەخۆشی ئۆتیزم لە شوێنی قەرەباڵغ تووشی دڵەراوکێ و نارەحەتی دەبێت، دەبێت ئەولەویەتیان پێبدرێت".
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە ئێستا دەکرێ بۆ نەخۆشانی ئۆتیزم لە فڕۆکەخانە سوود لە هێڵی بزنس وەربگیرێت تاوەکوو هێڵێکی تایبەت دروست بکرێت تایبەت بە نەخۆشەکانی ئۆتیزم.
لە خاڵێکی دیکەی فەرمانەکەدا هاتووە" ئەم بابەتە هەروەها لە هێڵی پاسپۆرت کۆنتڕۆڵ جێبەجێ بکرێت و ئەولەویەت بە بە نەخۆشی ئۆتیزم بدرێت".
وەزارەتی گواستنەوە داوا لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکات کە بە زووترین کات ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکرێت و بە راپۆرتی تایبەت بە وێنە و ڤیدیۆ ئاگاداریان بکەنەوە لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە.
|