لە مەراسیمێکی تایبەتداو لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ساڵانەی بەشی دایەنگەکان لەگەڵ بەڕێوەبەری دایەنگە حکومی و ناحکومییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵسەنگاندنی ئاستی دایەنگەکان بۆ ساڵی (2018) بڵاوکرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ١ی ٢٠١٩، لە هۆڵی هۆتێل تایتانیک، بە ئامادەبوونی بەڕێز م.عومەر گوڵپی، بەرێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانیو ژمارەیەک لە شارەزایانی دیوان و بەرپرسی بەشەکانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، کۆبوونەوەی فراوانی ساڵانەی بەشی دایەنگەکان بە ڕێوەچوو، کە تیایدا زیاتر لە (٧٠) بەڕێوەبەری دایەنگەی حکومی و ناحکومی و ئەندامانی لیژنەکانی سەرپەرشتی و لیژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەت ئامادەبوون.
لە سەرەتای کۆووبوونەوەکەدا بەرێز هیوا سەعید، بەرپرسی بەشی دایەنگەکان ئامانجی کۆبوونەوەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و تیایدا جەختی کردەوە لەوەی بەشی دایەنگەکان لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکانداو لە ڕێگەی شارەزایانی دایوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و شارەزایانی زانکۆو لیژنەکانی سەرپەرشتیەوە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دایەنگەکان و چاودێریکردنیان لە رێگەی کردنەوەی خول و ڕاهێنان و سەردانی ڕاستەوخۆو ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنەوە.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز بەرێوەبەری گشتی وتەیەکی پێشکەشکردو تیایدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی گشتگیردا بە ئامانجی چاودێری و پاراستنی منداڵان و گەشەپێدان بە تواناکانیان کاری جیدی دەکات بۆ پێشەنگبوون لە ئاستی کوردستان و عێراقدا بەتایبەت لە بواری چاودێری و گەشەپێدانی تواناکانی منداڵانی دایەنگە.
لە وتەکەیدا بەرێز م.عومەر گوڵپی، ئەوەی ڕوونکردەوە کە کارەکانی بەشی دایەنگەکان لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکاندا بێلایەنانەو دادپەروەرانە بەڕێوە دەچن، بۆ ئەوەی ژینگەی دایەنگەکان ژینگەیەکی لەبارو گونجاو بێت بۆ گەشەی منداڵ، هەروەک ئاماژەی بە دەستکەوت و کارە گرنگەکانی ساڵی ٢٠١٨ کردو تیایدا وتی :" هەموو شانازی دەکەین بەوەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە ڕیگرتن لە زمانی بیانی و تەلەفزیۆن لە دایەنگەکان و بەڕێوەبردنی ژمارەیەکی زۆر ڕاهێنانی زۆر پێویست و زیادکردنی ژمارەی سەردانییەکان بۆ دایەنگەکان پارێزگای سلێمانی پێشەنگی خۆی بۆ هەموو لایەک پیشانداوە، هەربۆیە هەموومان سەربەرزین بەوەی دایەنگەکانمان ژینگەیەکی لەبارو گونجاون و لانکەیەکی ئارامن بۆ منداڵ و ئایندەکەی".
هەر لە وتەکەیدا، بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی ستراتیجی ساڵی ٢٠١٩ی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو کە بریتی دەبێت لە بەرزکردنەوەی توانای دایەنگەکان بۆ باشتر ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بە پێوەرە ئەکادیمیەکان، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتر لە منداڵان سود لە دایەنگە حکومی و ناحکومییەکان وەرگرن ئەوەش لە ڕێگەی بەرێوەبردنی ڕاهێنانی ستراتیجی و باشتر چاودێریکردن و باشتر جێ بەجێکردنی سیستم و رێنمایی دایەنگەکان.
پاشان بەرێز د.ماجید ئەسعەد، پسپۆڕی پەروەردەی دەروونی و مامۆستای زانکۆی چەرموو، سیمینارێکی لەبارەی ئەرکەکانی دایەنگەو ئەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی منداڵی دایەنگە دەبنەوە خستەڕوو، لە سیمینارەکەیدا بەڕێز د.ماجید، بە پێوەرە زانستیەکان گرنگترین ئەو تەوەرو بابەتانەی خستەڕوو کە دەبنە هۆی ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ منداڵ لە دایەنگەکاندا.
لە تەوەری کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا ئەنجامی هەڵسەنگاندنی دایەنگەکان بۆ ساڵی ٢٠١٨ خرایە ڕوو، لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە بەرێز هیوا سەعید، بەرپرسی بەشی دایەنگەکان ئەوەی بە سایتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان ڕاگەیاند :" ئێمە دایەنگەی باش و خراپمان نییە، بەڵکو هەموو دایەنگە حکومی و ناحکومییەکان دایەنگەی باشن و ئەم هەڵسەنگاندنە تەنها ئاستی هەریەکە لەو دایەنگانە دەخاتەڕوو بە پێوەرە زانستییەکان کە لە ڕێگەی فۆرمێکەوەو بە سێ توێژەرو لەماوەی سێ مانگدا ئەنجامدراوە، ئەمە دووەم ساڵیشە لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت و لەو کارەشدا ئێمە داهێنەرین، هەروەها ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئەم ئەنجامە دایەنگە زۆر نوێیەکانی تێدا نییە، هەروەها بۆ دایەنگە حکومییەکانیش لە مانگی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
بە پێی هەڵسەنگاندنەکەش دایەنگەکان دابەش دەبن بۆ چوار ئاستی (A و Bو C و D) لە (بەرزترین ئاست A بۆ نزمترین ئاست D)، بەمجۆرە:
گروپی (A)، دایەنگەکانی (گەشە، شاری نەورۆز، ڕۆژ، جاف تاوەر، بەرزاییەکانی سلێمانی، قەیوان سیتی، خەونی منداڵان).
گروپی (B)، دایەنگەکانی: (سان، شنیار، هەرەوەزی، مارگرێت، سۆزی دایک، تەوار، گوڵاڵە سورە، ئەلەند، هەنگاوی بچوک، کۆشکی منداڵان، گەشاوە، شەنگین، گوڵە مێخەک، لالە، بەرزاییەکانی قەیوان، مەریەم، تەرزە، گوندی ئەڵمانی، هەنارە گوڵ).
گروپی (C)، دایەنگەکانی: (شاری پزیشکانی2 ، لانیا، هیرۆنی نوێ، دەنکە هەنارە، هێلانەی منداڵان، گۆیژە).
گروپی (D)، دایەنگەکانی: ( لەرین، ساندیبێل).