د.ههڤاڵ ئهبوبهكر، پارێزگاری سلێمانی، پهیامێكی ئاڕاستهی رای گشتی و سهرۆكایهتی حكومهت كرد
بەناوی خودای مەزن و میهرەبان
(پەیامێك بۆ ڕای گشتیی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان)
ئەمڕۆ 1/4/2018 بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەرە گشتییەكانو بەڕێوەبەرو بەرپرسی هەموو فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی و گفتوگۆكردن لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و لایەنە سیاسییەكاندا؛ ئەم پەیامە پێشكەش بە ڕای گشتیی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان دەكەین:
1. پشتیوانیی لە ماف و داوای ڕەوای خەڵك و موچەخۆران و خانەنشینان دەكەین.
2. سوپاسی ئەرك و هەوڵ و ماندوبوونی هەموو لایەك دەكەین بەتایبەتی خۆپیشاندەران كە وەك پارێزەری مافی ڕەوای خەڵك بەشێوەیەكی مەدەنیانە گوزارشتیان لە داواكانیان كردووە.
- سوپاسی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و چالاكییە مەدەنییەكان و پێشمهرگه دەكەین كە شیاوانە و بەرپرسانە پارێزگارییان لەخەڵك و سیستمی گشتیی و تەواوی چالاكییەكان كردووه و پارێزگاری ڕاستەقینەی سەرو ماڵ و ئارامیی و ئاسایشی خەڵك و پارێزگاكەش بوون.
- سوپاسی هەموو فەرمانگە و دامودەزگاكانی پارێزگاكەمان دەكەین كە لەگەڵ سەختیی ژیان و نەبونی مووچە و خزمەتگوزاریی پێویستدا، بەردەوامبوون و تائەمڕۆ نەیانهێشتووە خزمەتگوزاریی و مامەڵەی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بوەستێت.
3. سیستمی پاشەكەوتی موچە لەسەرەتاوە بۆ ئێستا بەكارێكی نایاسایی و ناڕەوا دەزانین و دەخوازین لە زووترین كاتدا كۆتایی پێبێت، وەك ئهنجومهن و پارێزگاری سلێمانیش لە ڕابردو ئێستایشدا ئەم پهیڕهوهمان ڕەتكردۆتەوە.
4. هەر توندوتیژیی و بەریەككەوتنێك ڕەتدەكەینەوە، ئیدانەی هەر هەڵسوكەوت و لێدوانێكی نەشیاو و نابەرپرسانە و نایاسایی دەكەین لەلایەن هەر پایهو لایەن و كەسێكەوە بێت.
5. ناشەفافیی و دەخالەتی حیزبیی و نەبوونی پلانی ڕوون و زانستیی و دوورمەوداو دواتریش قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی دژی داعش و بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، قەرزە ناقۆڵاكانی سەر حكومەت؛ سیستمی پاشەكەوتیان هێنایەكایەوەو بێمتمانەییان لەنێوان خەڵك و حكومەتدا دروستكرد، ئێستا كە هەموو ئەمانە بەپێی كارنامە و بەڵێنەكانی سهرۆكایهتیی ئهنجومهنی وهزیران بەرەو چارەسەرو ئاسایبونەوە دەڕۆن و ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری خەزێنەكان كۆدەبێتەوە و بەپێی ڕێنمایی نوێ لیستی موچە ئامادە دەكرێتەوە، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆسەیە لەماوەی دوازدە ڕۆژی تردا خشتەی نوێی موچە بەم سیستمە نوێیە ڕادەگەیەنرێت، دەكرێت هەموو لایهكمان دەرفەتی دروستكردنەوەی متمانە بە حكومەت بدەین و بەوردی چاودێری جێبەجێبونی كارنامەكە بكەین كە تیایدا مانگانە موچە بەم پەیڕەوە نوێیە دابەشدەكرێت.
لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت به موچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانیشدا حكومەت (٤٠) ملیار دیناری تری بۆ دەگەڕێتەوەو دەیخاتە سەر سیستمی پاشەكەوت، پاشەكەوت لە ڕێژەی ١٠٪ بۆ ٣٠٪ دەگۆڕێت بۆ ١٠٪ بۆ ١٨٪، ناوەڕۆكی ئەمەش بەفەرمی دەگاتە گشت دامودەزگاكان، دهخوازین حكومهتی ناوهندیش پابهندی تهواوی دابینكردنی موچهو بودجهی ههرێمی كوردستان بێت له ئێستاو داهاتووشدا.
6. ههر لێرهوه، داوا لە سهرۆكایهتیی ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان دەكەین:
أ- پابەندبێت بەو كارنامەیەی بۆدابینكردن و دابەشكردنی موچە دیاریكردووە؛ تا ڕۆژی ١٢/٤/٢٠١٨.
ب- موچەی كەمئەندام و چاودێریی خێزانیی وەك خۆی لێبكرێتهوه.
پ- قەرزی حكومەت لای لایەن و كۆمپانیاكان بەخێرایی وەربگیرێتەوە و موڵك و ماڵ و داهاتەكانی خۆی باشتر كۆبكاتەوە.
ت- ئەو بڕیارو ڕێنماییە نایاساییانەی لە ڕابردودا دەرهەق بەهەندێك وەبەرهێن و كۆمپانیا بەدەر لە یاساكردونی بخاتهوه سەر ڕێچكەی یاسایی خۆی.
ج- قەرزی سەر كۆمپانیا نەوتییەكان بەڕونی؛ بە بڕو ماوهو لایەن و هۆكاری قەرزەكانیش ڕابگەیەنێت.
ح- داهاتەكانی ناوخۆ و نەوتی تانكەر و هەر داهات و كۆمەكێكی ناوخۆیی یان دەرەكیی بەڕونی ڕابگەیەنێت.
7. ههموو لایهك دڵنیادهكهینهوه؛ كه هیچ بڕیارو فەرمانێك بۆ سزادانی موچەخۆران لەئارادا نییە، هیچ دوورییهك لەنێوان داوای ڕەوای خەڵك و ئەركی بەرپرسانەی دەزگاكاندا نییە.
8. لە 15/4/2018 هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەكات، پێویستە هەموولایەك ئەم هەڵمەتە بكەینە هەڵمەتێكی نیشتمانیی بۆ بەهێزكردنەوەی پێگەی كوردستان لە عێراقداو هەموولایەك پابەندبین بە هەڵمەتێكی مەدەنیانەی دوور لە توندوتیژیی.
9. وەك لە 5/2/2018دا پێمان ڕاگەیاندون؛ پێویستە هەموو دامودەزگا حكومییەكان بێلایەن بن لەم هەڵبژاردنەداو هیچ سەرمایەیەكی مرۆییو ماڵییو دارایی بۆ ئەم مەبەستە بەكارنەهێننو پابەندی یاساو ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بن.
10. داوا لە مێدیاكان دەكەین؛ بەشداربن لە پاراستنی یاساو ئارامییو ئاسایشو ئازادییەكانو جیاوازییهكان و دەرفەتێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنەكان بڕەخسێنن، ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی وتاری نیشتمانیدا ببینن و چاودێری وردی پرۆسەكەو هەموو لایەك بن، لە خەمی پاراستنی ئاسایشی كۆمهڵایهتیی و سەرخستنی هەڵبژاردنەكاندا بن.
11. داوا لە دامەزراوەو ڕێكخراوە مەدەنییەكان دەكەین ڕۆڵی خۆیان لە ڕێكخستنەوەی كۆمەڵایەتیی و دروستكردنی زەمینەی ئاسایشو ئاشتیی كۆمەڵایەتییو چاودێریكردنی پرۆسەكەدا ببیننو هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بخهمڵێنن.
12. داوا لە خەڵكی كوردستانو پارێزگاكەمان دەكەین ئەوانەی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری هەڵبژاردندا تۆمار نەكردووە، خۆیان تۆماربكەنو بەشدارییەكی كارایانە لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و هەر گۆڕانكارییەك كه دڵخوازی ئهوانه، لەڕێی هەڵبژاردنەكانەوە بێننەكایەوە.
13. داوا له ههموو لایهن و لیست و قهواره سیاسییهكان دهكهین؛ به گیانێكی نیشتمانیانهی نوێوه، ئهم ههڵمهت و دۆخه بهڕێبكهن و وتارو ئیرادهو ئامانجه نیشتمانییهكان یهكبخهن و سهربخهن، دهرفهتێكی نوێ بۆ ئاشتبوونهوهو لهیهكترگهیشتنێكی نیشتمانییانه بڕهخسێنن و سندوقهكانی دهنگدان بكهنه سهنگی مهحهك بۆ ههر بهرنامهو خواست و ههوڵ و گۆڕانكاییهك.
14. وەك هەمیشە ئەركی خوێندنو خزمەتگوزارییە گشتییەكانو ئاسایشو ئارامیی لەئەستۆی ههموواندایه، دەخوازین لەپێناوی دروستكردنەوەی متمانەو نەوەستانی ژیانی گشتیدا تا كاتی دڵنیابوون لە سیستمی نوێ، خوێندنگاو نەخۆشخانەو تەواوی فەرمانگەكان بكەینەوهو بیانكهینه پێگەی چاودێریكردنی حكومەتو پاراستنی داوا ڕەواكان و كاراكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان، بەم شێوازە نوێیە درێژە بە هەر هەنگاوو چالاكیی و ناڕەزایەتییەكی مەدەنیانە بدەین.
پارێزگاری سلێمانی
1/4/2018a