له لێدوانێكیدا بهبۆنهی ڕۆژی جیهانی منداڵانهوه، بهڕێز م.عومهر گوڵپی، بهڕێوهبهری گشتی چاودێریو گهشهپێدانی كۆمهلایهتی له پارێزگای سلێمانی به سایتی خهندانی ڕایگهیاند:"کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەبەرنامەکانیاندا لەئاستی پێویستدا ڕەچاوی ھەستیاریی تەمەنی منداڵ ناکەن".
دهقی ڕاپۆرته ههواڵیهكهی خهندان - دانا تەیب مەنمی:
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، لەپارێزگای سلێمانی، تایبەت بە خەندان-ی ڕاگەیاند"ھەرێمی کوردستان بەقەیرانێکی داراییدا تێدەپەڕێت کە ھیچ دامەزراوەیەک نەیتوانیوە ئەو ئەرکانەی لەسەر شانیەتی بەرامبەر منداڵ جێبەجێی بکات، نە پەروەردە، نە تەندروستی و نە ئێمەش وەکو کۆمەڵایەتی".
وتیشی"بەڵام لەچوارچێوەی کاری خۆماندا سەبارەت بە راھێنانی منداڵ و پەرەپێدانی تواناکانیان، پاراستنیان ڕۆڵی خۆمان بەباشی گێڕاوە بەتایبەتی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەپشتگیری پرۆژەی پاراستنی منداڵ، کە یونیسێف پشتگیری دەکات، نزیکەی ١٤ھەزار منداڵ سوودیان لە پرۆژەکە وەرگرتووە، بە ڕاھێنانیان، پاراستنیان، ڕۆشنبیرکردنیان و گەشەپێدان بە تواناکانیان."
پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی منداڵ زۆر بواری گرتووەتەوە، بەتایبەت بواری رۆشنبیری و تەرخاننەکردنی کات و بەرنامەی پێویست بۆ منداڵان لەلایەن کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە.
لەوبارەوە گوڵپی وتی" کەناڵەکانی راگەیاندن بەپێی یاسای و ڕێنماییەک کاردەکەن، کەلەدەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەیە، پابەندکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە پێوەرە ستانداردە جیھانییەکان و ڕاگەیاندنێک کە بۆ منداڵ بشێت پەیوەندی بە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە ھەیە."
ئاماژەشیکرد بەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەبەرنامەکانیاندا لەئاستی پێویستدا ڕەچاوی ھەستیاریی تەمەنی منداڵ ناکەن و ئەوان ھانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەدەن کات و بەرنامەی شیاو بۆ منداڵان تەرخانبکەن و ڕەچاوی ھەستیاری کاتی منداڵان بکەن.