1464 منداڵ سود له دایه‌نگه‌ی ناحكومی وه‌رده‌گرن
به پێی ئه‌و ئاماره‌ی له به‌شی دایه‌نگه‌كانی دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیه‌وه ده‌ستمان كه‌وتووه، له مانگی 9ی ساڵی 2017دا، 1464 منداڵ له‌ناو شاری سلێمانی سود له دایه‌نگه ناحكومییه‌كان وه‌رده‌گرن.
به پێی زانیاریه‌كان به‌شی دایه‌نگه‌كان نزیكه‌ی 44 دایه‌نگه‌ی ناحكومی تۆمارن له سنوری پارێزگای سلێمانی، كه دوان له وانه له شاری ڕانیه‌و چه‌مچه‌ماڵن‌و ئه‌وانیتر له نێو شاری سلێمانیدا كارده‌كه‌ن‌و سه‌رچاوه‌ی داهاتن بۆ 541 هاووڵاتی كه زیاتر له 500 یان ئافره‌تن ئه‌وه‌ش به‌هۆی سیستم‌و ڕێنمایی دایه‌نگه‌كانه‌وه كه بۆ ستافی دایه‌نگه‌كان ته‌نها ڕێگه به ڕه‌گه‌زی مێ ده‌دات‌و ڕه‌گه‌زی نێر ته‌نها ده‌توانێت وه‌ك خاوه‌نی دایه‌نگه یان پزیشك‌و شۆفێر‌و پاسه‌وان له دایه‌نگه‌دا كاربكات.
به پێی وته‌ی خاتوو سه‌رگوڵ حه‌سه‌ن، توێژه‌ر له به‌شی دایه‌نگه‌كان‌و به‌رپرس له ڕاپۆرتی مانگانه‌ی دایه‌نگه‌كان ئه‌و دایه‌نگانه بوونه‌ته هۆی ڕه‌خساندنی زیاتر له (541) هه‌لی كار كه (390) یان وه‌ك دایه‌ن‌و (44)یان خاوه‌نی دایه‌نگه‌و (40)یان وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رو (24)یان وه‌ك توێژه‌ر كارده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها 33 پزیشك‌و یاریده‌ده‌ری پزیشك‌و 13 مامۆستاش كاری خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ژماره‌یه‌كیش له دایه‌نگه‌كان له‌لایه‌ن پزیشكانی سه‌ر به ته‌ندروستیه‌وه سه‌رپه‌رشتیده‌كرێن له بنكه ته‌ندروستییه‌كان.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه بۆچی ژماره‌ی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونی هاوتای ژماره‌ی دایه‌نگه‌كان نییه له كاتێكدا به پێی فه‌رمانێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پێویسته هه‌موو دایه‌نگه‌یه‌ك توێژه‌ری تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت، خاتوو سه‌رگوڵ وتی :" هۆكاری كه‌می ژماره‌ی توێژه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕێگه‌یداوه به‌و دایه‌نگایانه‌ی ژماره‌ی منداڵیان كه‌مه به‌ڕێوبه‌رو توێژه‌ر یه‌ك كه‌س بن، واته ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رو توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان ده‌روونی بوو كاری توێژه‌ریش بكات بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی فشاری دارایی له‌سه‌ر دایه‌نگه تا ئه‌و كاته‌ی بارودۆخ باشتر ده‌بێت".
|