+ وێنه: پێشانگای (ڕه‌نگه‌كانی من) ئه‌زموونی تایبه‌تی سارا نامۆ كرایه‌وه
ڕۆژی سێشه‌ممه، 23ی 5ی 2017، خاتوو سارا نامۆ بۆ یه‌كه‌مینجار پێشانگای خۆی له ژێر ناوی (ڕه‌نگه‌كانی من) له گه‌له‌ری ئازاد شه‌وقی كرده‌وه.
پێشانگاكه له‌لایه‌ن به‌ڕێز م.عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌پارێزگای سلێمانیه‌وه به ئاماده‌بوونی خاتوو ئه‌ڵوه‌ن عه‌بدولغه‌فور، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و خاتوو گه‌شاو عومه‌ر شاره‌زا‌و مافپه‌روه‌ر هیوا ڕه‌حمان ڕاوێژكارا یاسایی له دیوانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كرایه‌وه‌و له وته‌یه‌كیدا بۆ خاتوونی فۆتۆگرافه‌ر‌و ئاماده‌بووانی پێشانگاكه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وتی:" زۆر گرنگه گه‌نجانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به‌مجۆره تواناكانی خۆیان ده‌رخه‌ن‌و له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا به پێی تواناكان‌و هه‌له‌كانی به‌رده‌ست به‌شداربن له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات‌دا، هه‌روه‌ك ده‌ستخۆشی تایبه‌ت له خاتوو سارا ده‌كه‌ین كه به سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ریی جوان‌و به كامێره ساده‌كه‌ی توانی له چوارچێوه‌ی ئه‌م پێشانگایه‌دا سه‌فه‌رێكمان به‌ناو جیهانی سروشدا پێ بكات‌و له‌به‌رده‌م خۆماندا ڕامانگرێت‌و تام‌و چێژێكی تایبه‌تمان پێ ببه‌خشێت كه سه‌رچاوه‌كه‌ی جوانی سروشت‌و جێده‌ستی خوای دروستكه‌ره".
پێشانگای (ڕه‌نگه‌كه‌كانی من) ئه‌زموونی تایبه‌تی فۆتۆی خاتوو سارا نامۆیه‌و بۆ ماوه‌ی 3 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت‌و ده‌رگای له‌سه‌ر پشته بۆ سه‌ردانیكاران‌و بینه‌ران‌و هه‌وادارانی هونه‌ر.
|