گفتوگۆی پڕۆژه‌ی پشتیوانی ته‌كنیكی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی خزمه‌تگوزاری پاراستنی منداڵ له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو
به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به به‌رنامه‌و ئاماده‌كردنی لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بۆ پێكه‌وه كاركردن له بواری پاراستنی منداڵدا، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌كانی یونیسێف‌و ی‌و ئێن ئێچ سی ئاڕی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆبوویه‌وه.
ڕۆژی چوارشه‌ممه، 15ی 3ی 2017، به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز د.موحه‌ممه‌د هاودیانی وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و به‌ڕێزان م.عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی‌و سۆران سه‌عید، به‌رپرسی به‌شی پلان‌و هه‌ماهه‌نگی‌و ژماره‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت‌و به‌رپرسانی بواری پاراستنی منداڵ له وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی بواری پاراستنی منداڵ له هه‌ردوو ڕێكخراوی UNICEF و UNHCR به‌ڕێوه‌چوو، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش گفتوگۆبوو له‌باره‌ی گه‌ڵاڵه‌كردنی پڕۆژه‌و به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش كه تیایدا به شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداری بكات له پرۆسه‌ی پاراستنی منداڵ‌و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له بواری پاراستنی منداڵ‌و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی حاڵه‌ته‌كان، چ بۆ منداڵانی ئاواره چ بۆ منداڵانی ناوخۆ.
پڕۆژه‌كه به‌ناوی (پشتیوانی ته‌كنیكی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی خزمه‌تگوزاری پاراستنی منداڵ له هه‌رێمی كوردستان) ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه بریتییه له به‌رزركردنه‌وه‌ی ئاست‌و توانایی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونی له كاركردن له بواری پاراستنی منداڵ، هه‌روه‌ها دروستكردنی پڕۆگرامێكی ئه‌لیكترۆنی كه كاری كۆكردنه‌وه‌ی داتا‌و ئه‌رشیفكردنی بێت به‌جۆرێك هه‌میشه له كاتی دانانی پلان‌و به‌رنامه‌دا به ئاسانی بتوانرێت سودی لێوه‌ربگیرێت.
له‌م باره‌یه‌وه ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئاماده‌كرابوو گفتوگۆكراو ئه‌وه‌ی پێویست بوو بۆی زیادكراو بڕیاره له ڕۆژانی ئاینده‌دا له ڕێگه‌ی دانیشتنی تره‌وه بگه‌یه‌نرێته ئاستی خستنه بواری جێ به‌جێكردنه‌وه به‌تایبه‌ت كه هه‌ردوو ڕێكخراوی ناوبراو ئاماده‌یی پشتیوانی پڕۆژه‌كه‌یان ده‌ربڕی له ڕووی ته‌كنیك‌و تێچوونه‌وه.
|