دایەنگەی چوارباخی حکومی بە چالاکییەکی فۆلکلۆری پێشوازی لە ڕۆژی سلێمانی دەکات
بە مەبەستی زیندووڕاگرتنی کەلەپوور و نەریتە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی هەستی نیشتمانی لای منداڵان، دایەنگەی چوارباخی حکومی بە بۆنەی ڕۆژی سلێمانی چالاکییەکی تایبەت و فۆلکلۆری ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، هێمن محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، خاتوو بەنان وەهاب، بەرپرسی دایەنگەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسان و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەچوو.
لە چالاکییەکەدا، منداڵان بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە بەشدارییان کرد و بە پێشکەشکردنی سرود و بەرنامەی فۆلکلۆری، کەشێکی تایبەتیان درووستکرد.
شایانی باسە، دایەنگە حکومییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام و ساڵانە چالاکیی جۆراوجۆر بۆ گەشەی فکری و کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان ڕێکدەخەن، کە ئەم چالاکییانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەروەردەکردن و گەشەپێدانی منداڵان و ناساندنی کەلەپوور و نەریتە نەتەوەییەکاندا هەیە.
|