٢٢٠ پاکێجی جل و بەرگی قوتابخانە بەسەر قوتابیانی پەیمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کەمئەندامان دابەشکرا.
لە چوارچێوەی پاڵپشتی قوتابیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر قوتابیان و خێزانەکانیان، ٢٢٠ پاکێجی جل و بەرگی قوتابخانە بە هاوکاری دەزگای ڕوانگە دابین و دابەشکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە،٥ـی ١١ـی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، لەتیف شێخ عەزیز، بەڕێوەبەری چاودێری کەمئەندامانی سلێمانی، بەرپرسانی پەیمانگەکان و مەریوان شەریف، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانیی دەزگای ڕوانگە، پرۆژەی دابینکردن و دابەشکردنی ٢٢٠ پاکێجی جل و بەرگی قوتابخانە بۆ قوتابیانی پەیمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کەمئەندامان دابینکرا.
ژیلوان عادل شکور، لە وتەیەکدا سوپاسی دەزگای روانگەی کرد بۆ هەوڵ و چالاکییە بەردەوامەکانیان لە بواری پەروەردە و فێرکردن و پاڵپشتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەروەها ئەم پرۆژەیەی بە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر وەسف کرد، کە ڕۆڵێکی باشی لە کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی سەر قوتابیان و خێزانەکانیاندا دەبێت.
هەروەک جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاریی نێوان دامەزراوە حکومی و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە، بە مەبەستی دابینکردنی دەرفەتی باشتر بۆ فێربوون و پێشکەوتنی قوتابیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
|