سلێمانی | وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی دوو دامەزراوەی کۆمەڵایەتی کرد و جەختی لەسەر باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەردانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی کرد و ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوو دامەزراوەکە، پێشوازیان کرد
لە ماوەی سەردانەکەدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی لەسەر پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەت، ڕێکخستنی کاروباری کارگێڕی و پابەندبوونی فەرمانبەران بە کاتی دەوام و ئەنجامدانی ئەرکەکانیان کردەوە.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی پابەندبوون و بەرپرسیارێتیی فەرمانبەران کرد، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارا و بەرپرسانە، خزمەتگوزارییەکی باشتر و گونجاوتر پێشکەش بە هاوڵاتیان و سودمەندان بکرێت.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەردەوام چاودێری و هەڵسەنگاندنی کار و ئاستی ئەدای دامەزراوەکان دەکات، بە مەبەستی بەهێزکردنی کارە کارگێڕیەکان و باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان.
|