کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی بۆ پرسی منداڵان و گەنجان بە بەشداریی کەسایەتییە نێودەوڵەتی و حکومییەکان لە زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
سلێمانی – ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی دەربارەی منداڵان و گەنجان، بە بەشداریی پارێزگاری سلێمانی، نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرانی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی و هەڵەبجە، ژمارەیەک لە کەسایەتییە نێودەوڵەتی و حکومییەکان، شارەزایان و پسپۆڕانی بواری منداڵان و گەنجان، لە زانکۆی سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد.
کۆنفرانسەکە بە ئامانجی تاوتوێکردنی گرنگترین بابەت و ئاڵەنگارییەکانی پەیوەندیدار بە ژیانی منداڵان و گەنجان، چەندین پانێڵ و دانیشتنی زانستی لەخۆدەگرێت؛ کە تێیدا بابەتەکانی پاراستنی منداڵان لە کاتی جەنگ، ئاوارەبوون و قەیرانە مرۆییەکان، ڕێگریکردن لە کارکردنی منداڵان، ئیستغلالکردن و بازرگانیپێکردنیان، هەروەها بەهێزکردنی سیستەمی پاراستنی منداڵان دەخرێنە بەرباس.
لە هەمان کاتدا، باشترکردنی کوالێتیی سیستەمی پەروەردە، دابینکردنی دەرفەتی یەکسانی فێربوون، تەندروستی و خۆشگوزەرانیی منداڵان، پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و بەهێزکردنی بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەوان لە پرۆسەی بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتەکان، لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەم کۆنفرانسەن.
هەروەها لە چەندین پانێڵدا پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مرۆیی، یاسایی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی، تێڕوانین و توێژینەوەکانیان دەخەنەڕوو و ڕێگەچارەی زانستی و کرداری بۆ چارەسەرکردنی ئاڵەنگارییەکان و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی مافەکانی منداڵان و گەنجان تاوتوێ دەکەن.
ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری لەنێوان دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان و پسپۆڕان، بە مەبەستی دانانی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش بۆ پاراستن، پەروەردە و پەرەپێدانی منداڵان و گەنجان و دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەم کۆنفرانسەی دوو ڕۆژە، بە هاوبەشیی زانکۆی سلێمانی و ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان (KSC)،بەڕێوەدەچێت.