بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارو خزمەتەکان گرفت و ئالەنگارییەکانی دەخاتەڕوو.
ژیلوان عادل "کەمیی بودجە، جێبەجێنەکردنی یاساکان و لاوازی هەماهەنگی دامەزراوەکان، گەورەترین ئاستەنگن لە بەردەم خزمەتکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ژنان، منداڵانی بێسەرپەرشت و بەساڵاچووان"
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، بەئامادەبوونی د. عەدنان عوسمان، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، نوێنەرانی دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان، گفتوگۆیەکی کراوە بە ناونیشانی «بەڕێوەبەرایەتی گشتی؛ کار و خزمەتگوزارییەکان، گرفت و ئالەنگارییەکان» بەڕێوەچوو.
لە بەشی یەکەمی دیدارەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی دامەزراوەی ڤیژن کرد و ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دامەزراوەکانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییەی ڕوونکردەوە. هەروەها، گرنگترین گرفت و ئالەنگارییەکانی بەردەم کارمەندان، سوودمەندان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە چوارچێوەی کار و خزمەتگوزارییەکاندا خستەڕوو.
ژیلوان عادل شکور ئاماژەی بەوە دا کە کەمی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، کەمی بودجە و پشتیوانی، بەدەمەوە نەهاتنی هەندێک لایەنی پەیوەندیدار، جێبەجێنەکردنی یاسا و ڕێنماییەکان و نەبوونی هەندێک پێداویستیی بنەڕەتی، لەو ئالەنگارییانەن کە کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی مافەکانی سوودمەندان هەیە.
هەروەک جەختی لە گرفتەکانی کەمئەندامان، بەتایبەت تووشبووانی ئۆتیزم، قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ژنان، منداڵانی بێسەرپەرشت، بەساڵاچووان، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کردەوە، لەوانە دابینکردنی یەکەینیشتەجێبوون و مووچە بۆ کەمئەندامان و هەژاران، کێشەکانی بەردەم خوێندنی قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەمی هاوکاری نێوان دامەزراوەکانیش لە خاڵە گرنگەکانی باسەکە بوون.
گفتوگۆکان جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ماف و پرەنسیپەکانی ئەو چین و توێژانە کردەوە و داوای کرد لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەتی لە کەرتەکانی پەروەردە و فێرکردن، داد و تەندروستی و خوێندنی باڵا، زیاتر هەماهەنگی بکەن و بە هاوکاریی یەکتر هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بنێن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ئامادەبووان پرسیار و تێبینی و پێشنیارەکانیان سەبارەت بە گرفتەکان ڕوبەڕووی بەڕێوەبەری گشتی کردەوە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ئەم دیدارە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی «چاوی کراوە» و بە مەبەستی ناسینەوە و شیکردنەوەی گرفت و ئالەنگارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕێکخرابوو. بڕیارە ڕاسپاردەکانی ئەم دیدارە بگەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە ئامانجی خستنەڕووی گرفتەکان و یارمەتیدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو