خولێکی ڕاهێنان بۆ 38 چاودێری دایەنگە حکومی و ناحکومیەکان کۆتایی هات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ـی ١٠ـی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، خاتوو بەنان وەهاب بەرپرسی دایەنگەکان، ماکوان عبدالخالق، بەڕێوەبەری کارگێڕی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO)، ، لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی پرۆژەی «کارمەندی کارامە و میهرەبان»، خولێکی ڕاهێنان بۆ چاودێڕی دایەنگە حکومی و ناحکومیەکان بەڕێوەچوو.
ئەم خولە بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی – بەشی دایەنگەکان و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO)، ، بە ناونیشانی «بنەماکانی گەشەی منداڵ و بەڕێوەبردنی رەفتاڕیان لە دایەنگەکان » بەڕێوەچوو.
وانە و بابەتەکانی خولەکە لەلایەن ڕاهێنەر سارا بهرام ساعدی پێشکەش کرا و ٣٨کارمەند لە خولەکەدا بەشدارییان کرد. خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو و تێیدا بابەتە پەیوەندیدارەکان بە تێگەیشتن لە دەروونی منداڵ، ناسینەوەی هۆکارەکانی ڕەفتارە جیاوازەکان و شێوازە دروست و زانستییەکانی گەشەی منداڵ و بەڕێوەبردنی ڕەفتارییەکانی منداڵان تاوتوێ کران.
ئامانجی سەرەکی لەم خولە، پەرەپێدانی توانای کارمەندان و بەرزکردنەوەی کوالێتی چاودێری و پەروەردەی منداڵان و دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی سەلامەت، ئارام و دڵنیاکەرەوە بۆ منداڵانی دایەنگەکانە.
|