پەیمانگای ڕووناکی بۆ نابینایان ڕۆژی جیهانیی گۆچانی سپی بەرز ڕاگرت.
بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگاکانی ڕووناکی و ئاوات بەسەردەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بەوەکالەت، لەتیف شێخ عەزیز، بەڕێوەبەری چاودێریی کەمئەندامانی سلێمانی، لەگەڵ سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، هیوا سەعید و نازەنین عەلی، و بەڕێوەبەر و کارمەندانی پەیمانگا ڕووناکی و ئاوات، ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی گۆچانی سپی لە پەیمانگای ڕووناکی بۆ نابینایان بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی جەختی لە گرنگیی ئەم ڕۆژە و پێویستیی بەردەوامبوون لە پشتیوانی و توانابەخشین بە کەسانی نابینا و کەمبیناکردەوە؛ هەروەها پیرۆزبایی ڕۆژی گۆچانی سپی و دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە مامۆستایان و قوتابیان کرد.
ژیلوان عادل شکور لە وتەیەکدا ڕایگەیاند:
«ئەرکی ئێمەیە وەک دامەزراوەیەکی حکومی، بە هەموو توانامانەوە ڕێگە خۆش بکەین بۆ ئەوەی کەسانی نابینا و کەمبینا بەبێ ئاستەنگ، بە متمانە و سەربەرزییەوە بەشدارییەکی کاریگەر لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەبێت.»
هەروەها، هیوای خواست قوتابیان بە گوڕوتین و وزەیەکی زیاترەوە بەردەوام بن لە پڕۆسەی خوێندن و فێربوون، و دووپاتی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی و پشتیوانیی داواکاری و پێداویستییەکانیان، بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ فێربوون و پەرەپێدانی تواناکانیان.
لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگای ئاواتی بۆ پەروەردەی مێشکی بەسەرکردەوە، کە دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە، ئێستا ئامادەیە و سوودمەندانی پەیمانگاکە بە شێوازێکی زانستی و پسپۆڕانە ڕاهێنانی ڕۆژانەیان تێدا ئەنجامدەدەن.