لە ڕۆژی جیهانی (گۆچانی سپی ) ڕادیۆی (کڵاوڕۆژنە )دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاوكات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی گۆچانی سپی، بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان، کەسایەتییەکان و هونەرمەندان، ڕادیۆی «کڵاوڕۆژنە» لە بینای یەکێتی نابینایانی بە فەرمی دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆی کرد.
لەمیانی مەراسیمەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی جەختی لە گرنگیی دەستپێکی پەخشی ڕادیۆکە کردەوە و گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکێتیی نابینایانی کوردستان کرد بۆ ئەم هەنگاوە پڕبایەخە، وە دەستخۆشی لە سەرجەم ماندووبوونەکان کرد. هەروەها هیوای خواست ڕادیۆی کڵاوڕۆژنە ببێتە منبەرو دەنگێکی ڕەسەن بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بەتایبەتی نابینایان، لە پێناو گەیاندنی پەیامی هۆشیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە.
|