بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ دۆخی هاوڵاتییەکی بەخشراو لە سەرچنار بەدواداچوون دەکات.
دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی تایبەت لەلایەن میدیای خەندانەوە دەربارەی دۆخی هاوڵاتییەکی بەخشراو لە گەڕەکی سەرچنار، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بە خێرایی دەستبەکار بووە بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی هاوڵاتییەکە.
لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، هێمن محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، سەردانی هاوڵاتییەکەی کرد و لە نزیکەوە لە بارودۆخی کۆڵییەوە.
هێمن محەممەد، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، ڕایگەیاند:
«بەپێی بەدواداچوونی سەرەتایی، هاوڵاتییەکە لە ڕووی دەروونییەوە لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە و شوێنی مانەوەی گونجاوی نییە؛ بۆیە پێویستی بە هەنگاوی خێرا و چارەسەری گونجاو هەیە. دوای ئاگاداربوونەوە لە دۆخەکەی، بە فەرمانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی، بە خێرایی سەردانمان کرد و لە نزیکەوە لە بارودۆخی کۆڵییەوە، بە مەبەستی پاراستنی لە سەرما و باران و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی"
هەروەها وتیشی"لە قۆناغی داهاتوودا، دوای تەواوکردنی هەڵسەنگاندنی پێویست و بە پێی سروشتی کەیسەکە و ئەرک و دەسەڵاتە یاساییەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان، هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر و بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو هەوڵ دەدەین، بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان».
جێگری بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکاندا دیاری کراون و چارەسەرکردنی تەواوی کەیسەکە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە"
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی داوا لە هاوڵاتیان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات، لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کەسانی لە بارودۆخی هەستیار و نائاساییدا، ڕەچاوکردنی ڕێز و کەرامەتی مرۆیی و پاراستنی تایبەتمەندییەکانیان بکەن؛ هەروەها هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، بۆ ئەوەی هەنگاوە پێویستەکان بە شێوەیەکی گونجاو و بە پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتییەکە جێبەجێ بکرێن.