بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی؛ سەنتەری «کاد» بۆ تووشبووانی ئۆتیزم کرایەوە.
خاتوو کوێستان محمد:- " سبەینێ لەبەغداد دەبین و هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ زیادکردنی مووچەی کەمئەندامی و تۆمارکردنی کەمئەندامی نوێ"
سلێمانی/ ئەمڕۆ، شەممە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی خاتوو کوێستان محمد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەنتەری «کاد» بۆ تووشبووانی ئۆتیزم بە فەرمی کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەکەدا، وەزیر سەردانی بەشەکانی سەنتەرەکەی کرد و جەختی لە پاراستنی ماف و سەلامەتی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشە و پێشکەوتنیان کرد.
خاتوو کوێستان محمد ڕایگەیاند کە ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە ١١ سەنتەرەوە گەیشتووەتە ٧٢ سەنتەر، هەروەها جەختی لە بەدواداچوونی بەردەوام و چاودێری کارەکانی سەنتەرەکان کردەوە. ئەو وتی وەزارەت پشتگیری کەرتی تایبەت دەکات بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا.
لەبارەی مووچە و مافەکانی کەمئەندامانەوە، ڕایگەیاند کە شاندێکی وەزارەت بە سەرۆکایەتی وەزیری کار دەچێتە بەغداد بۆ داواکاری زیادکردنی مووچەی کەمئەندامان و تۆمارکردنی کەمئەندامی نوێ.
هەروەها ڕایگەیاند کە لە قەزاکانی دەربەندیخان، شارەزوور، سەیدسادق، ئاکرێ و چەمچەماڵ سەنتەری تایبەت بە خزمەتکردنی تووشبووانی ئۆتیزم دەکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەت، ٣٩٢٧ منداڵی تووشبووی ئۆتیزم تۆمارکراون، کە ١٧٥٦ منداڵ لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەندن. هەروەها خزمەتگوزارییەکانی پشکنین و چارەسەری ئۆتیزم بەبێ بەرامبەر لە نەخۆشخانەکان بەردەستن.