بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی خوێندن لە ماڵەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
ئامادەکاری دەکرێت بۆ خوێندنی قوتابیانی بێسەرپەرشت لەماڵەکاندا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ۱۰ی ئەیلوولی ۲۰۲٦، لە کۆمەڵگەی چاودێری کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سەرپەرشتی هیوا سەعید، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، ئامادەبوونی لێپرسراوی ماڵی کوڕان و کچانی نەوجەوانان و مامۆستایانی بەڕێوەچوو.
تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر
شێوازی پێشکەوتووی وانەوتنەوە و تاووتوێکردنی میتۆدە هاوچەرخەکان بۆ گەیاندنی زانست بە باشترین شێواز بە قوتابیان کردەوە.
دەستنیشانکردنی ئاستەنگەکان و خستنەڕووی ئەو گیروگرفت و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی پرۆسەی خوێندن و مامۆستایان دەبنەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا. هەروەها
دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و دارشتنی هەنگاوی کرداری بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر تا قوتابیان بە باشترین ئاست بگەنە ئامانجە پەروەردەیییەکانیان و
جەختکرایەوە لەسەر بەکارهێنانی شێوازی هاوچەرخ و گونجاو لەگەڵ بارودۆخی دەروونی و جەستەیی منداڵان، تا پرۆسەی فێربوون بە شێوازێکی کاریگەر بەڕێوەبچێت.
لەکۆتایدا هیوا سەعید سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بەڵێنی دا سەرجەم داواکاری، پێشنیاز و پێداویستییەکانیان بگەیەنێتە بەڕێوەبەری گشتی.