بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پەیمانگەکانی «ڕووناکی» بۆ نابینایان و «ئاوات» بۆ پەروەردەی مێشک بەسەرکردەوە.
" نۆژەنکردنەوەکە لە قۆناغی کۆتاییدایەو لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەخرێتە خزمەتی قوتابیانەوە”
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی 8ـی 2026، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، بەهاوڕێیەتی لەتیف شێخ عەزیز بەڕێوەبەری چاودێری کەمئەندامانی سلێمانی، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی پەیمانگاکانی «ڕووناکی بۆ نابینایان» و «ئاوات بۆ پەروەردەی مێشک» بەسەرکردەوە، کە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئەنجامدراون.
هەردوو پەیمانگاکە پێشتر، بەهۆی ڕوودانی هێرشی درۆنی لە نزیکی دامەزراوەکان، زیانی مادیی بەرچاویان پێگەیشتبوو. بۆیە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ژینگەی خوێندن و خزمەتگوزارییەکان بۆ دۆخێکی گونجاو، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاکسازی بە شێوەیەکی تایبەت بەردەوام بوون.
بەڕێوەبەری گشتی لە کاتی سەردانەکەدا، جەختی لەسەر تەواوکردنی پێویستییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو و ئارام بۆ خوێندکاران و سوودمەندانی هەردوو پەیمانگا کرد، بۆ ئەوەی بە ئامادەییەکی باشترەوە ساڵی نوێی خوێندن دەستپێبکەن.
|