وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ژمارە (٢١)ی ئەنجومەنی وەزارەتی کرد.
"سەردانی شاندی وەزارەت بۆ بەغداد بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی کەمئەندامان یەکێک لەتەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە بوو"
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠٢٦/٧/٢٧، بەڕێز خاتوو کوێستان محمد عبدالله، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هۆڵی نوێی دیوانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ژمارە (٢١)ی ئەنجومەنی وەزارەتی کرد.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری بەڕێز خاتوو زەکییە سید صالح، بریکاری وەزارەت، و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت بەڕێوەچوو و تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسێ و بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بە کار و خزمەتگوزارییەکانی وەزارەت.
لە گرنگترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر ڕێکخستنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران، کەمکردنەوەی ڕۆتین، و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لە هەموو فەرمانگەکانی وەزارەت کرایەوە. هەروەها دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کاروباری کەمئەندامان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆیان تاوتوێ کران.
لە چوارچێوەی پەیوەندی و هاوکاری، ئەندامانی ئەنجومەن هەڵسەنگاندنیان بۆ سەردانی شاندی وەزارەت بۆ شاری بغداد کرد. لە بواری پەروەردەشدا، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و پلانە پەیوەندیدارەکان خرانە بەرباس.
کۆبوونەوەکە هەروەها گرنگی بە دۆخی سەنتەرەکانی ئۆتیزم و کارەکانی لیژنە تەندروستییەکان دا، لەگەڵ بەدواداچوونی کارەکانی سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پیشەیی، دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران، سیاسەتی بەکارخستن و هەنگاوەکانی پەرەپێدانی بازاڕی کار.
هەروەها، ئەنجومەن دۆخی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان و پڕۆژەی **«گەشانەوە»**ی خستەڕوو و پەرەپێدان بە وردی تاوتوێ کرد و ڕاوێژ لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو گۆڕا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆیەکی فراوان و ورد لەسەر هەموو بابەتەکان، بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری وەزارەت دەرکرا.