بەڕێوەبەری گشتی ،پێشوازی لە د. چێنەر عومەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، کرد و لە دیدارێکدا ژمارەیەک لە بابەتە گرنگەکانی پەیوەست بە پاراستن و پەرەپێدانی تەندروستی منداڵانی نیشتەجێی ماڵەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی تاوتوێ کران.
کلینیکی د. چێنەر عومەر لە ماوەی تەنها شەش مانگدا بڕی (١٠,٤٢٦,٠٠٠) دینار بۆ پێداویستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت تەرخان کردووە.
ڕۆژی، یەکشەممە ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦، ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، لە کاتی پێشوازیکردنی د. چێنەر عومەر، جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاری نێوان هەردوو لایەن کردەوە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و ئارام بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت.
لە کۆبوونەوەیەکدا، باس لە گرنگی پشکنینی بەردەوامی تەندروستی، دابینکردنی چارەسەری پێویست و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان کرا. هەروەها، جەخت لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکارییە هاوبەشەکان کرا بۆ پاراستنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی منداڵانی نیشتەجێی ماڵەکان.
بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی د. چێنەر عومەر و هەموو ئەو تیمە پزیشکییە کرد کە بە شێوەی خۆبەخشانە بەشداری دابینکردنی خزمەتگوزاری و چارەسەری تەندروستی منداڵانی ماڵەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی دەکەن.
لە میانی سەردانەکەدا، د. چێنەر عومەر ڕاپۆرتی شەش مانگی کار و چالاکییەکانی کلینیکەکەی پێشکەش بە بەڕێوەبەری گشتی کرد. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تیمی کلینیکی د. چێنەر، کە لە ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕ و کلینیکی هاوبەش پێکهاتووە، لە ماوەی ٢٤/٩/٢٠٢٥ تا ١٢/٣/٢٠٢٦، بەردەوام سەردانی پێنج ماڵی منداڵانی سەر بە چاودێری کۆمەڵایەتی کردووە و بە گشتی ٥٨ منداڵی پشکنی و چاودێری تەندروستیان بۆ ئەنجام دراوە.
لە چوارچێوەی ئەم خزمەتگوزارییانەدا، هەموو منداڵەکان پشکنینی تەواوی پزیشکیان بۆ ئەنجام دراوە، لەوانە پشکنینی کێش و باڵا، پێست، قژ، نینۆک، گوێ، لوت، قورگ، ددان، سنگ، دڵ، سک و هەروەها وەرگرتنی مێژووی پزیشکی و دەرمانیان بۆ هەڵسەنگاندنی دروستی دۆخی تەندروستییان.
هەروەها، لە ماوەی شەش مانگەکەدا ١٥٩ فەحسی خوێن، ٢٦ فەحسی میز، ژمارەیەک سۆنەر، ئیکۆی دڵ، پشکنینی ئاوی پشت، نەشتەرگەری، داغڵبوون، پاککردنەوەی دەم و چاو، دابینکردنی چاویلکە، چارەسەری ددانی و ڕاوێژکارییە پسپۆڕییەکان بۆ منداڵان ئەنجام دراون. هەروەها ٢٠٨ پاکێتی دەرمان، کە لە ٦٧ جۆری جیاواز پێکهاتوون، بۆیان دابین کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرجەم ئەم خزمەتگوزارییە تەندروستییانە، لە پشکنین و تاقیکردنەوە و وێنەگرتنی پزیشکی و دەرمان و هاتوچۆ و چارەسەرییەکانەوە، بە شێوەی خۆبەخشانە و بە تێچووی تیمی کلینیکی د. چێنەر دابین کراون.
کۆی گشتی تێچووی ئەم خزمەتگوزارییانە لە ماوەی تەنها شەش مانگدا گەیشتووەتە (١٠,٤٢٦,٠٠٠) دینار، واتە دە میلیۆن و چوارسەد و بیست و شەش هەزار دینار، کە تەواوی لەلایەن تیمی کلینیکی د. چێنەر عومەرەوە دابین و خەرج کراوە بۆ پاراستن و باشترکردنی تەندروستی منداڵانی بێسەرپەرشتی نیشتەجێی ماڵەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی.