، یارییەکی دۆستانە بۆ لاوانی بێسەرپەرشتی ماڵەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت
.
لە چوارچێوەی گرنگیدان بە چالاکییە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکان و بە مەبەستی پەرەپێدانی گیانی هاوکاری، هاوڕێیەتی و هاندانی لاوان بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، خاتوو ژیار جەلال بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، خاتوو بەنان وەهاب بەرپرسی دایەنگەکان، ڕێکخراوی ڤیولانچ یارییەکی دۆستانەی تۆپی پێی بۆ سودمەندانی کوڕانی بێسەرپەرشتی ماڵەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی ڕێکخست.
بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ سودمەندان بەژدار بوو لە خۆشیەکانیان و بەڕێوەبەری گشتی، دەستخۆشی لە ڕێکخراوی ڤیولانج کردو، جەختی لە گرنگی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردنی توانای سودمەندان و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە، و ئاماژەی بەوەدا کە وەرزش یەکێکە لە باشترین ئامرازەکان بۆ بەهێزکردنی متمانە بە خۆ، پتەوکردنی ڕۆحی تیمی و پەرەپێدانی کەسایەتی.
یارییەکە لە کەشێکی پڕ لە دۆستی، یەکڕیزی بەڕێوەچوو و بەشداربووان خۆشی و دڵخۆشی خۆیان دەربڕی لە ڕێکخستنی ئەم چالاکییە، هەروەها داوای بەردەوامبوونی ئەم جۆرە بەرنامانەیان کرد کە ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەپێدانی لێهاتوویی و تواناکانی لاواندا دەبینن.
|