کوێستان محەمەد:"ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە 11 سەنتەرەوە بۆ 69 سەنتەر زیادی کردوە (13 حکومی و 56 ئەهلی)"
" کار بۆ دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری بۆ توشبوانی ئۆتیزم دەكەین"
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند کە ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە هەرێم گەیشتوەتە 69 سەنتەر و تێچوی چارەسەریش دابەزیوە؛ هاوکات جەختی کردەوە کە دۆسیەی 16 هەزار کەمئەندام ڕەوانەی بەغدا کراوە بۆ بڕینەوەی موچە لە بودجەی 2026ـدا، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەرامبەر.
ئەمڕۆ دوشەممە1ـی6ـی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە 11 سەنتەرەوە بۆ 69 سەنتەر زیادی کردوە (13 حکومی و 56 ئەهلی)، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێنماییەکان بۆ کەرتی تایبەت ئاسان کران و کێبڕکێ بوە هۆی دابەزینی نرخەکان.
سەبارەت بە پشتیوانی خێزانەکانی ئۆتیزم، وەزیری کار ڕایگەیاند کە گۆڕانکاری لە ڕێنمایی مۆڵەتی بەخێوکەردا کراوە، بە جۆرێک ئەگەر خێزانێک زیاتر لە منداڵێکی ئۆتیزمی هەبێت، هەردو دایک و باوکەکە دەتوانن مۆڵەت وەربگرن، کە تاكو ئێستا 569 کەس سودمەندبون. هەروەها ئێستا زیاتر لە هەزارو 700 منداڵ لە سەنتەرەکاندا خزمەتگوزاری فێربون و چارەسەر وەردەگرن.
خاتوو کوێستان محەمەد، تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و وتی، "دۆسیەی 16 هەزار کەمئەندام و منداڵانی ئۆتیزممان ڕەوانەی بەغدا کردوە تا لە بودجەی 2026ـدا تەرخانی داراییان بۆ بکرێت." ئاماژەی بەوەشکرد کە تیمێکی وەزارەت بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی منداڵان ببنە خاوەنی موچەی مانگانە.
هەروەها وەزیر دو بڕیاری نوێی سەرۆکی حکومەتی بۆ ئاسانکاری منداڵانی ئۆتیزم ڕاگەیاند، کە بریتین لە پشکنین و چارەسەری بێبەرامبەر لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پێدانی لە پێشینەیی و ڕاییکردنی خێرای مامەڵەکانیان لە فڕۆکەخانەکاندا بەبێ چاوەڕوانی.