لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا 60 فێرخواز پاش وەرگرتنی ڕاهێنانی پیشەیی بڕوانامەی نێودەوڵەتیان بەدەستهێنا
خاتوو کوێستان موحەممەد:-" پاش ئەوەی سەنتەرەکانی ڕاهێنانمان بەگەڕخستنەوە 944 خولمان کردۆتەوە لەوماوەیەدا 13588 فێرخواز بەشداربوون و لە ٪30یان ئێستا خاوەن کاری خۆیانن"
ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، لەمەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێزان خاتوو کوێستان موحەممەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بەوەکالەت، ئاسۆ موسا بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ IOM و ژمارەیەک لەبەرپرسانی حکومی و ڕێکخراوەیی، کۆتایی بە شەش خولی ڕاهێنانی پیشەیی هات.
لەوتەیەکدا وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، پیرۆزبایی ئاڕاستەی فێرخوازان کردو سوپاسی هەریەک لە ڕێکخراوی (iom ,giz) و بەڕێز کەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاهێنانی پیشەییکرد، کە ئامادەکارو پشتیوانی خولەکانن، پاشان باسی لە گرنگی خولەکان و ڕۆڵی وەزارەتی کار کرد لە خستنە سەرکاری گەنجان و هەروەک وتیشی" ئەوانەی بەشداری خولەکانیان کردوە پشتگوێ ناخەین و هاوکاریان دەکەین تا دەبنە خاوەن کاری خۆیان و هاوڵاتیانی تر لایان کاردەکەن"
خاتووکوێستان موحەممەد وتیشی:-" پاش ئەوەی سەنتەرەکانی ڕاهێنانمان بەگەڕخستنەوە 944 خولمان کردۆتەوە لەوماوەیەدا 13588 فێرخواز بەشداربوون و لە ٪30یان ئێستا خاوەن کاری خۆیانن"
60 فێرخواز لەماوەی 45 ڕۆژدا بەشداریان لە شەش خولدا کردبوو، کەپێکهاتبوو لەخولەکانی دروستکردنی شیرینی، شۆفاژو لولەکێشی، چاکردنەوەی مۆبایل، ئارایشتگا، دانان و بەستنی کامێرەی چاودێری، سۆلار، لەکۆتایدا بڕوانامە بەسەر بەشداربووان دابەشکرا.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنانی پیشەیی سلێمانی ، دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیەو ئەرکی کردنەوەی خولی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ هاوڵاتییانە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری لە بوارە جیاوازەکان وەکو PVC، کارهبا، ساردکەرەوە، دورمان، کۆمپیوتەر، شۆفاژ و بەستنی کامێراو سۆلارو هند... .