پاش 40 ڕۆژ ڕاهێنان، حەوت منداڵی توشبووی ئۆتیزم ژمارەیەک نمایشی مەلەوانی ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ هەینی ، 21ـی 11ـی 2025، بەئامادەبوونی بەڕێزان د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ژیلوان عادل شکور، بهڕێوهبهری گشتی چاودێریو گهشهپێدانی كۆمهلایهت له پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، مافپەروەر هیوا ڕەحمان بەرپرسی یاسا، ژمارەیەک لە بەرپرسان و خانەوادەی توشبوانی ئۆتیزم، حەوت منداڵی توشبووی ئۆتیزم نمایشی مەلەوانیان ئەنجامدا.
بەختیار ڕەئوف سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم لەوتەیەکدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردو باسی لە دۆخ و گوزەرانی ئۆتیزمی لە پارێزگای سلێمانی کرد.
دواتر د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وتەیکی پێشکەش کرد و ڕاهێنان و فێرکردنی منداڵەکانی بەکارێکی گەورەو پیرۆز وەسف کرد وبە داهێنانێکی گەورەی ناویبرد و سوپاسی هەریەک لە کۆمەڵەی ئۆتیزم و مەلەوانگەی های کڵاس کردو هیوای خواست بتوانن پێکەوە توانا شاراوەکانی کەمئەندام بەگەڕبخەن و پیرۆبایی ئەو سەرکەوتنەی لێکردن.
مەلاوانگەی های کڵاس لەماوەی 40 ڕۆژدا لەڕێگەی دوو ڕاهێنەری شارەزای بواری مەلاوانی منداڵەکانی فێری مەلەوانی کردووەو پاش چەند نمایشێکی مەلەوانی لەلایەن منداڵەکانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە بەڕێوەبەری مەلەوانگەکەو ڕاهێنەران.
|