بەهۆی خزمەتکردن بە کەمئەندامان و ئاسانکاری لە ڕاییکردنی مامەڵەکانیان بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی بەڕێوەبەر و کارمەندانی خانەنشینی سلێمانی دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی 10ـی 2025، ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، بە هاوڕێیەتی مافپەروەر هیواڕەحمان بەرپرسی یاسا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی کرد.
لەسەردانەکەیدا بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی هەوڵەکانی خاتوو ژیان صابر بەڕێوەبەر و خاتوو ناسک موحەمەد جێگر و کارمەندان کرد کە لە ماوەی ڕابردودا بەدەر لەو خزمەتەی کە پێشکەش بەهاوڵاتیان دەیکەن زۆرترین هاوکاری بەهاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیەکە کراوەو سوپاسی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم بەرپرسان و کارمەندانی بەڕێوەەرایەتیەکە کردو هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر لەئەرکەکانیان بۆ خواستن و ڕێزلێنانی تایبەتی پێشکەش کردن.
بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەت بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند هەرکەس و لایەنێک لەهەر جێگەیەک کارئاسانی بۆ خاوەن پێداویستیەکی تایبەت دەکات ئێمە سوپاسی دەکەین چونکە هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاتر پێویستیان بە ئاسانکاریە.
ئەوەی جێگەی باسە بەڕێوەبەرایەتیەکە لەئێستادا سەرقاڵی دانانی ئاسانسۆری تایبەت بە کەمئەندامانە و ئەوەش یەکێکە لەو کارانەی کە پێویستە سەرجەم دەزگاو فەرمانگەکان کاری لەسەر بکەن
|