کۆبونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکرنی گرفتەکانی بەردەم منداڵانی بێسەرپەرشت لە ماڵەکانی منداڵان و سەرشەقامەکان و خێزانەکانیان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٧ـی تەممووز ٢٠٢٥، لە هۆڵی تایبەتی دادگای سلێمانی بە سەرپەرشتی بەڕێز حاكم عمر ئەحمەدسەرۆکی دادگای تێهەلچونەوەی ناوچەی سلێمانی، ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار کۆبونەوەیەکی تایبەت بە گرفتەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت لە سێکتەرەکاندا بەڕێوەچوو.
ژیلوان عادل شکور بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، تایبەت بەوگرفتانەی ڕوبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەبێتەوە و توانای دامەزراوەکۆمەڵایەتیەکانی ڕوونکردەوە چاکسازی و پشتیوانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی بۆ چارەسەری گرفتەکان بەگرنگ باسکرد و هیوای خواست کۆبونەوەکە هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر.
کۆبونەوەکە ۳ کاتژمێری خایاندو، گفتوگۆی چڕکرا دەربارەی کەیسەکان و چۆنیەتی مامامەڵەکردنیان بەپێی یاسابەرکارەکان و ڕەوانەکردنیان بۆ ماڵەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت یان شوێنی گونجاو بەپێی حاڵەتەکان و هەروەها هەماهەنگی زیاتر بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و بەربەستەکان.
گرفتی نەبوونی ناسنامەی هەندێک لە منداڵانی ماڵی منداڵانی بێسەرپەرشت وهەروەها گرفتەکانیان لەسێکتەرە جیاوازەکانی وەک پەروەردەو فێرکردن و تەندروستی و ڕەوانەکردنی منداڵانی سەرشەقام و پەرتەوازە بۆ ماڵەکان و لێکەوتەکانی یەکێکیتر بوو لە ئامانجی کۆبونەوەکە، تیایدا بڕیارە ژمارەیەک ڕێکار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بگیرێتەبەرو کۆبونەوەکە درێژەی دەبێت، هەروەک بەرنامەیەکی هاوکاری نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دادگاو ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بۆ کردنەوەی ماڵێک بۆ منداڵانی پەرتەوازە دابنرێت، کە گرفتی تێکەڵکردنی منداڵانی پەرتەوازە بەمنداڵانی بێسەرپەرشتی خانەکان چارەسەردەکات.
هەریەک لە سەرۆکی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی، دادوەری لێکۆلینەوەی نەوجەوانانی سلێمانی، سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەرانی فریاکەوتنی سلێمانی و نەخۆشخانەی شەهید هێمن و ڕەگزنامەی سلێمانی و نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی و بەرپرسی ماڵەکان منداڵانی کوڕان و کچان، ئامادەی کۆبونەوەکە بوون.
ئەم بڕیارانە بەشێک لە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی و ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بۆ دابینکردنی پاراستنی باشتر و هەوڵی بەهێزتر بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت، بەھۆی زیادبوونی داواکارییەکان و گەشەی تایبەتی کێشەکانی خێزانییەوە.