بازیان/ لەمەڕاسیمێکی شایستەدا یەکەمین ساڵ یادی کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزمی لوتفیە مەلا غالبی حکومی کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشهممه، 5ـی 11ـی 2024،، سەنتەری ئۆتیزمی (لوتفیە مەلاغالب)ـی حکومی ، بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی کردنەوەی لە بەرواری 5ـی تشرینی دووەم، لە ناوبینای سەنتەرەکە مەراسیمێکیان ڕێکخست.
"لەماوەی ساڵێکدا سەنتەرەکە بەردەوام ڕاهێنانی بە 34 منداڵ کردوەو لەوانەش 4 منداڵیان ئامادەن لەقوتابخانەکان بەشداری پڕۆسەی خوێندن بکەن"
مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی ژیلوان عادل شکور ، بهڕێوهبهری گشتی چاودێریو گهشهپێدانی كۆمهڵایهتی لهپارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، ئیسماعیل ئەحمەد قائمقامی قەزای بازیان، لەتیف شێخ عەزیز بهڕێوهبهری چاودێری كهمئهندامانی سلێمانی، هیوا سەعید سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، خاتوو حەلیمە فتاح بەرپرسی پلان و بەدواداچون و ژمارەیەک لە ڕێکخراوو کەسایەتی حکومی و کەس و کاری توشبوانی ئۆتیزم دەستیپێکرد، دواتر بە چەند وتارێک درێژەیان دا بە چالاکییەکە..
ژیلوان عادل لەوتەیەکدا پیرۆزبایی ساڵیادی دامهزراندنی پهیمانگاكهی لەبەڕێوەبەرو کارمەندان و سودمەندان کرد و هیوای خواست له ساڵی ئایندهو ساڵانی تریشدا باشتر خزمهتی خۆی به توشبووانی ئۆتیزم لەناوچەکە بكات و هەروەک دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرو کارمەندان کرد.
لەدرێژەی وتەکەیدا ژیلوان عادل ژمارەیەک لەو خزمەتانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێشکەش بە هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت کردونی باس کردوو بەتایبەت تۆمارکردنی کەمئەندامی نوێ کە مافێکی سەرەتایی خۆیانە و هەوڵەکانی وەزارەتی کاری بۆ ئەو مەبەستە ڕوونکردەوە و پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ سەنتەرەکە دوپاتکردەوە
هەر لەو مەڕاسیمەدا قائمقامی قەزای بازیان ولەتیف شێخ عەزیز و نوێنەری کەسوکاری توشبوانی ئۆتیزم لەقەزاکە ووتەی خۆیان پێشکەش کرد و ڕۆڵی سەنتەرەکەیان بەرزنرخاند.
سەنتەری ئۆتیزمی حکومی لوتفیە مەلاغالب لە ساڵی 2023وە دامەزراوە، ماوەی یەک ساڵە کار دەکات بۆ خزمەتکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تایبەتی ئۆتیزم، ئاریاس کەمال بەڕێوەبەری سەنتەرەکە ، دەربارەی کاروچالاکیەکانیان وتی: " لەماوەی ساڵێکی کارکردنمان، وەک ڕاهێنان بە منداڵانی توشبوی ئۆتیزم ڕاهێنانیان بە 34 منداڵ کردوەو لەوانەش 4 منداڵیان ئامادەن لەقوتابخانەکان بەشداری پڕۆسەی خوێندن بکەن"