شانزەی سێ ... ڕۆژی شەهیدان و کارەساتی هەڵەبجەمان لە یاد ناچێت.
شازدەی سێیە و
من هەر بریندارەکەی جارانم..
هێشتا سیانید بەری قوڕگی بەرنەداوم،
هێشتا هەر منداڵە پێ خواسەکەی
بەجێماوی بەر لێزمەی با و بارانم..
هێشتا لە دەم کانی ئاشقان هەر پاڵ کەوتووم..
هێشتا وەک ئەوسای ساواییم،
لە ئامێزی عومەری خاوەرا خەوتووم..
هێشتا لەگەڵ حەشاماتی گەڕەکەکەم،
لەسەر پشتی شڕە پیکابێکی شکاو
بە دوو چاوی هەڵتۆقیو و
بە رووخسارێکی سووتاوی سوورهەڵگەڕاو
باوەش بە یەکتردا دەکەین..
چاوەکان یەکتر نابینن،
گوێیەکان یەکتر نابیسن،
تەنیا بە ترپەی دڵ، هەست بە بوونی یەکتر دەکەین..
نازانم کامەیان خۆمم،
کامیان دایکمە و کامیان باوکمە
کامیان کوڕە هاوڕێکەمە و
کامیان کچە دراوسێکەمە و
کامیان مامۆستایەکەمە..
من، نەک ئەوان، تەنانەت خۆم ناناسمەوە و
وەک ئەوەیە هەر هەموویان هەر خۆم بن و
وەکوو ئەوسا لە بناری شنروێوە،
لە دامێنی باڵانبۆوە،
بەسەر پشتی پیکابەکە بەجێ ماوین..
وەکوو ئەوسا،
لەنێو نێرگز و کورووکە بەهارییەکان،
بەدەما کەوتووین و خنکاوین..