بۆچی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ماڵی ئارامی بۆ بەخشراوەکان کردەوە؟ گرنگی ماڵی ئارام بۆ هەرێمی کوردستان چیە؟
ماڵی ئارام بۆ ئەو بەخشراوانەیە ، کە بە سەرمای زستان و گەرمای هاوین لە کوچەو شەقام و باخچەو کۆڵانەکاندا ژیان بەسەردەبەن ، بەجۆرێک هەندێک جار لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرمادا ئەوان بەچەندین نەخۆشی جیاواز هەراسان دەبن و لانەیەکی گەرم و ئامێزێک بۆئاوان نەبوو، بەدەر لەم گرفتانە هەندێکیان کێشەی گەورەیان بۆ هاوڵاتیان لە شوێنە گشتیەکان دروست کردووە.
لەمانگی تەمووزی ساڵی 2020 ، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خاتوو کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و بەشداری بەڕێوەبەریەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی و تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی بەدواداچونی وردیان بۆ گوزەران و بارودۆخی هاوڵاتیان و بەخشراو و منداڵانی ئیشکەر، لە ناوبازاڕی شاری سلێمانی دەست پێکرد .
تیمەکە بێلانەو بەخشراوەکانی لە دۆخێکی سەختی ژیاندا بینی کە بەهۆی تووش بوون بە نەخۆشی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویستی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و نەبونی خواردنێکی تەندروست دەیاناڵاند.
هەرزوو وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەیەک ڕێکاری پێویستی گرتەبەر بۆ کردنەوەی ماڵێکی شایستە بۆیان و دورخستنەوەیان لە شوێنەگشتیەکان و کۆڵانەکان و پاراستنیان بەتایبەت لەسەرمای زستان.
لە ڕێکەوتی 23ـی 8ـی 2020 ، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێکارەکانی بۆ ئەم مەبەستە گرتەبەر و نوسراوێکی فەرمی بەواژووی خاتوو کوێستان موحەممەد بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کردنەوەی ماڵی ئارام لە ناحیەی شۆڕش بەرزکردەوە و لە ڕێکەوتی 13ـی10ـی2020 ، ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی ماڵی ئارام گەڕایەوە.
پاش گرتنەبەری ڕێکاری پێویست وهەوڵە یەک لەدوای یەکەکان وبەهاوکاری وەزارەتی دارایی و قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ و ماندوبونی بەڕێوەبەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی وهەردوو بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی و چەمچەماڵ ڕۆژی سێشەممە ، 30ـی 1ـی2024 ماڵەکە بەڕووی سودمەندانیدا کرایەوە.
ماڵی ئارام گرنگی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە کەتیایدا سەرجەم بەخشراوان لە سنوری پارێزگای سلێمانی کۆدەکاتەوە و لەئێستادا دەتوانێت 40 بەخشراو لەخۆ بگرێت و هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی دەدرێت تالەداهاتودا بۆ 60بەخشراو بەرز بکرێتەوە کە دەتوانرێت ژمارەیەکی باش لەبەخشراوەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا جێبکرێتەوە.
ماڵەکە 24 کاتژمێر خزمەتگوزاریەکانی خواردن و خواردنەوەو جل و بەرگ و هەموو پێداویستیەکانی ڕۆژانەی لەخۆ گرتووە ئەمە بەدەر لە چارەسەری دەروونی تەندروستی بەردەوام.