لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، بەڕێوەبەری گشتی سەردانی قەزای سەیدصادق دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ، 19ـی تشرینی دووەمی/2023 ، لەسەر ڕاسپاردەی خاتوو کوێستان موحەممەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و بۆ چارەسەر کردنی ژمارەیەک گرفتی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان، بەڕێز م. ئیسماعیل ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی ، سەردانی قەزای سەیدصادقی کرد و لە دەروازەی شار لەلایەن بەڕێزان هەڵمەت حەمەئەمین بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سەیدصادق و ئدریس عەزیز بەرپرسی سەنتەری پاراستنی منداڵانی سەیدصادق پێشوازی کرا.
سەرەتا بەڕێزیان سەردانی قائمقامیەتی کردو لەگەڵ بەڕێز ڕەزا موحەممەد قائمقامی سەیدصادق، باسیان لە پەلەکردن لە دابینکردنی بنایەک بۆ سەنتەری ئۆتیزم لە سەیدصادق وهەروە گفتوگۆی خزمەتکردن بەچین و توێژە جیاوازەکان بە تایبەت هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سنورەکە کردەوە.
دواتر بەڕێزیان بەمەبەستی چارەسەر کردن و ڕادەست کردنەوەی بینای سەنتەری پاراستنی منداڵانی سەیدصادق سەردانی کۆلێژی پەروەردەی زانستەمرۆڤایەتیەکانی لە سەیدصادق کرد کەلە ئێستادا وەک کۆلێژێکی زانکۆی سلێمانی خزمەتی تێدادەکرێ، لەلایەن بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.سەلام عەبدولکەریم ڕاگری کۆلێج پێشوازی کران و لە دانیشتنێکدا هەردولا هاوڕابوون لەسەر ڕادەست کردنەوەی بیناکە بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ خزمەت کردن بە منداڵانی ناوچەکە.
پاشان بەڕێوەبەری گشتی بۆ بەدواداچونی کارەکانیان بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سەیدصادقی بەسەرکردەوەو و پاش بەسەرکردنەوەی بەش و هۆبەجیاجیاکان لەوتەیەکدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و سەرجەم کارمەندان کرد کە سەرەڕای دواکەوتنی موچەکانیان بەردەوامن لەخزمەت کردن و ژمارەیەک ڕێنمایی پێویستی پێدان بۆ ئاسانکاری کارە ئیداری و ژمێریاریەکان و هیوای خواست بەگوڕو تینێکی زیاترەوە خزمەت بەهاوڵاتیانی سنورەکە بکەن.
|