ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی دووەمـی /2023. بە ئامادەبوونی بەڕێزان د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ، د.ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی ، م.ئیسماعیل ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی چاوێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی ، ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و ڕێکخراوەیی ، دیداری سلێمانی بۆ شەکرە بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا، د. طه مەحوی بەرپرسی سەنتەری شەکرەی سلێمانی ، لە وتارێکیدا رایگەیاند "بەداخەوە ئێستا نەخۆشی شەکرە لە شاری سلێمانی بەراوورد بە ساڵانی پێشوو زیادیکردووە، زۆرینەی خەڵکیش تووشی شەکرە بووە، پاشان زانیویەتی، هەندێکیشیان کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستیان دروست بووە، بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە".
هەر لە دیدارەکەدا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر (پارێزگاری سلێمانی) وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە ژێرخانی تەندروستی شاری سلێمانی کرد، کە لە ڕووی نەخۆشخانە و مەڵبەندەکانی تەندروستی و پزیشک و پێداویستییەکانیانەوە جێگای شانازییە.
پاشان بەڕێز پارێزگاری سلێمانی لە وتەیەکدا بەبایەخوا باسی لە دیدارەکە کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ دووپات کردنەوە.
لە بەشیکی دیکەی دیدارەکەدا، د. ڕەهێڵ فەرەیدون (بریکاری وەزارەتی تەندروستی) وتارێکی پێشکەش کرد، لە سەرەتای وتارەکەیدا پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سلێمانی شاری دەستپێشخەری و پێشکەوتن و ڕۆشنبیرییە، ئەم دیدارەشی بە یەکێک لەو چالاکیانە ناوبرد.
پاشان باسی لەوەشکرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵی خۆی دەدات بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان، لە ناویشیاندا نەخۆشی شەکرە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەندێک کەموکورتی دروست بوون لە نەخۆشخانەکاندا".
دیدارەکە وەک بەشێک لە هەڵمەتی یەک مانگی هۆشیاری شەکرە، لەلایەن زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان و شاری پزیشکی ئەنوەر شێخە، بە سەرپەرشتی بەڕیوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رێکخراوە و دوو پانێڵ بە بەشداری پزیشکانی شارەزا بەڕێوەچوو.