خاتوو کوێستان محەمەد وەڵامی سەرجەم تۆمەتەکانی بوار دەداتەوە.
پاش ئەوەی دەزگای میدیایی بوار ، ژمارەیەک تۆمەتی بێ بەڵگە لەسەر خاتوو کوێستان محەمەد ،وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاو دەکاتەوە ، بەڕێزیان ڕوون کردنەوە لەسەر تۆمەتەکان دەدات و سەرلەبەری ڕەت دەکاتەوە.
خاتوو کوێستان محەمەد "سورین لەسەر چاکسازیەکانمان هیچ تۆمەت و تەشهیر و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیش کە چەندین جار لێمان کراوە لە چاکسازی ساردمان ناکاتەوە چقڵی چاوی گەندەڵکارانین"
دەقی ڕونکردنەوەی خاتوو کوێستان محەمەد ،وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی.
ڕوون کردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
لەسایتی بوار میدیا ڕاپۆرتێک بڵاو کراوەتەوە سەرلەبەری تۆمەت و تەشهیرە بۆیە بە پێویستم زانی ئەم ڕوون کردنەوەیە بنوسم :
سەرەتا لە ڕۆژی دەستبەکاربونمەوە تا ئێستا چەندین بەرپرسی گەندەڵم لە پۆستەکانیان لاداوە ، بە هۆی چاکسازیەکانمانەوە لەبەرژەوەندی چەندانی تر دراوە نەشم هێشتوە وەک پێشوو تەخشان و پەخشان بە پێشینەی وەزارەتەوە بکرێت بۆیە ئاساییە ئەوانە تۆمەتی ناڕاستم بۆ دروست بکەن، بە دڵنیاییەوە چاکسازی و دژایەتی کردنی گەندەڵکاران باجی خۆی هەیە
۱/ سەبارەت بە دابین کردنی حەوت شوققە بۆ فەرمانبەرانی نوسینگەکەم هەموو ئەو وەزیرانەی فەرمانبەریان لەدەرەوەی هەولێر هێنابێتە نوسینگەکەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یەکەی نیشتەجێ بونی پێداون چوار فەرمانبەری ئێمەش (بەڕێوەبەری نوسینگە ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان ، سکرتێرە ، بەرپرسی خامەی نهێنی ) کە هەرچواریان ماڵیان هێناوەتە هەولێر پێیان دراوە
۲/سەبارەت بەوەی چوار سەیارەی وەزارەت لای من بێت ، من تەنیا دوو سەیارەم لایە کە سەنەویەکانیان بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوەیە و تەنیا بەیەک سەیارەش خۆم یەک شۆفێر هات و چۆ ئەکەین نەک هەر ئەمە بەڵکو بۆ هەموو کارە تایبەتەکانی خۆم یان بە سەیارەی خۆمان یان بەتەکسی جێبەجێیان ئەکەم لەگەڵ ئەوەی چەندین جار ئاگادار کراومەتەوە لەبەر سەلامەتی ژیانم بە تەکسی هات و چۆ نەکەم بەڵام لەسەر هەڵوێستی خۆم بەردەوام بووم کە سەیارەی حکومەت بۆ کارە تایبەتیەکانم بەکار نەهێنم
۳/سەبارەت بە خەرجیەکانی خۆم و نوسینگەکەم تا ئەم ساتە وەختە یەک وەسلی خەرجی خۆم و نوسینگەکەم نەدراوە بە دارایی وەزارەت هەموی خۆم خەرجم کردۆتەوە
٤/ بەپێی ڕێنمایی دارایی ئەنجومەن وەزارەتی دارایی هیچ وەزیرێک بە وەزیری داراییشەوە ناتوانێت هیچ بڕە پارەیەک لە پێشینەی وەزارەتەکەی ببەخشێت ئیتر چۆن وەزیری دارایی مانگانە پارەی داوە بە ئێمە
٥/سەبارەت بەوەی ۱۲٠٠ نوسراوی نهێنیمان بۆ سەرۆکی حکومەت کردبێت کە زۆربەی داواکاری خۆمە ، لە ڕۆژی دەست بەکاربونم تا ئەمڕۆ هەموو ئەو نوسراوە نهێنیانەی بۆ نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان کردومانە تەنیا ۸۱ نوسراوە کە تەنیا یەک نوسراویان تایبەتە بە دامەزراندنی پاسەوانەکانم کە ئەم مافەش پەیڕەوی پاسەوانی پێیداوم
٦/سەبارەت بەوەی کێشەم لەگەڵ پلە باڵاکانی پارتی هەبێت و بڕوام بە کاری تیم نەبێت جارێ بۆ هەموو بابەتێک لیژنەمان پێکهێناوە وهەر بۆ خۆی ئەمە دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو خاڵەی کە ئەڵێت لەهەولێر و دهۆک کارەکانم ناڕوات چونکە پلە باڵاکانی پارتی هەمویان لە هەولێر و دهۆکن
۷/سەبارەت بە کاری ڕێکخراوەکان پێش ئێمە سەرچاوەی گەندەڵی بوو ئێمە ڕێکمانخستۆتەوە بە دڵنیاییەوە ئەوەی لەم ڕێکخستنەوەیە زەرەر مەندبوە پەلامارمان ئەدات
۸/هاوکاری و کۆمەک ئەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی کەسەر بە بەڕێوەبەرایەتیەگشتیەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پارێزگاکانە نەک دیوانی وەزارەت بەڵام لەگەڵ دەست بەکاربونمان فەرمانمان دەرکردوە کە پێویستە بۆ وەرگرتن و خەرجی ئەو هاوکاریانە دوو لیژنەی جیا پێک بهێنرێت و کردوشیانە بۆ دڵنیاییش دوو جار بۆ هەرسێ بەڕێوەبەرایەتیەکان لیژنەی باڵای وەزارەت پشکنین و بەدوادا چونیان کردوە و خۆش بەختانە سەرجەم پرۆسەکان دوور بووە لە گەندەڵیەوە
۹/تا ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی بیانی کورسی و عەرەبانەی بۆ وەزارەتمان دابین نەکردوە بەڵکو دوو خێرخواز تەنیا ۱۱٠ کورسی ئاسایی و کارەباییان بۆ دابین کردوین لیژنە وەری گرتوە خراوەتە کۆگا بەشێکیان دراوەتە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی چاودێری و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگاکان و بەڕێوەبەراتیەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئیدارە سەربەخۆکان بەشێکیشی دراوەتە ئەو کەمئەندامانەی ڕاستەوخۆ داوایان لە دیوان کردوە دوای بەدواداچونی لیژنە کە شایستەی ئەو کورسیەیە ، هەر خۆشم لە پارەی بەردەست مانگانە چەند کورسیەک دابین ئەکەم بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت
۱۱/سەبارەت بە ئاڕاستە کردنی نوسراو بۆ مانگی سوری عێراقی بۆ دابین کردنی سەیارە ئەمەش تۆمەتێکی تر و هیچ نوسراوێکی لەو بابەتە نەکراوە
دوبارەی ئەکەینەوە سورین لەسەر چاکسازیەکانمان هیچ تۆمەت و تەشهیر و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیش کە چەندین جار لێمان کراوە لە چاکسازی ساردمان ناکاتەوە چقڵی چاوی گەندەڵکارانین.
کوێستان محەمەد
وەزیری کاروکاروباری کۆمەلایەتی
12ـی نیسانی2023