له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا، سه‌عات 2ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 31ی 10ی 2016، عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی‌و ئاشتی ئیبراهیم، سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای سه‌رله‌نوێ تۆماركردن‌و پشكنینه‌وه‌ی هاووڵاتیانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت كۆتا ئامار‌و زانیاری‌یان سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی سه‌رله‌نوێ تۆماركردن‌و پشكینه‌وه‌ی كه‌مئه‌ندامان له سنوری هه‌ردوو پارێزگای سڵێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید خسته ڕوو، كه گرنگترینیان ئاشكراكردنی كۆتا واده‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم بوو له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ڕۆژی دووشه‌ممه، 7ی 11ی 2016 یه، ئه‌و واده‌یه‌ش له‌سه‌ر داوای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی درێژكراوه‌ته‌وه.
له وه‌ڵامی ڕۆژنامه‌نووساندا سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی سست به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه، عومه‌ر گوڵپی به ڕۆژنامه‌نووسانی ڕایگه‌یاند:" له‌لای ئێمه‌وه هیچ سستییه‌ك نییه‌و ئێمه له ناو سلێمانیش‌و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانیش لیژنه پزیشكییه‌كان داوای چه‌ند فۆرم بكه‌ن بۆیان ده‌نێرین، ئه‌وه لیژنه پزیشكییه‌كانن ژماره‌كان دیاریده‌كه‌ن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ش هه‌موو لایه‌كمان له‌م سست به‌ڕێوه‌چوونه‌ی لیژنه پزیشكییه‌كان ئاگاداركردووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت كه تا ئێستا لیژنه پزیشكییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی دروست نه‌كراون"، سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانیشیان، عومه‌ر گوڵپی وتی:" ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێمه نزیه‌ی له (90%) له سه‌دا نه‌وه‌دی سه‌رجه‌می كاره‌كان"
ئه‌مه‌ی خواره‌وه پوخته‌ی ئه‌و زانیارییانه بوون كه له كۆنگره ڕۆژنامه‌نووسییه‌كه خرانه ڕوو:
1ـ تا ڕۆژی 30ی 10ی 2016 ژماره‌ی ئه‌و فۆرمانه‌ی پڕكراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له سنوری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیمان بریتییه له (29026 - بیست‌و نۆ هه‌زارو بیست‌و شه‌ش) فۆرم.
2ـ ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتیانی چوونه‌ته به‌رده‌م لیژنه پزیشكییه‌كان‌و پشكنینی پزیشكیان له‌لایه‌ن لیژنه پزیشكییه‌كانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانییه‌وه بۆ ئه‌نجامدراوه بریتییه له (5086 ) هاووڵاتی.
3ـ ژماره‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه له لیژنه پزیشكییه‌كان بریتییه له (4000) فۆرمی هاووڵاتی، له‌و ژماره‌یه‌ش به نزیكه‌یی ته‌نها به ڕێژه‌ی (14% له سه‌دا چوارده) یان شایسته‌نابن به مافه‌كانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت‌و له لیژنه پزیشكییه‌كان ده‌رنه‌چوون، به‌هۆی كه‌می ڕێژه‌ی كه‌مئه‌ندامیان.
4ـ تا ئێستا ته‌نها له‌ناو شاری سلێمانی لیژنه پزیشكییه‌كان كارده‌كه‌ن‌و له ده‌ره‌وه‌ی شار لیژنه‌ی پزیشكی پێك نه‌هێنراون، ئه‌م ئاریشه‌یه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت باسكراوه‌و بڕیاروایه چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه.
5ـ كۆتا به‌روار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم بریتییه له سه‌عات 12ی ڕۆژی دووشه‌ممه، 7ی 11ی 2016، له‌پاش ئه‌و به‌رواره‌وه هیچ كه‌س له‌و هاووڵاتیانه‌ی تۆمارن له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سودمه‌ندن له هاوكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، مافی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمیان نابێت‌و خۆشیان به‌رپرسیارن له ده‌ستچوونی ئه‌و مافانه‌یان.
هه‌ربۆیه داوا له هاووڵاتیانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت‌و خانه‌واده‌كانیان ده‌كه‌ین له ماوه‌ی (7) ڕۆژی داهاتوودا سه‌ردانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن له شاره‌كانی خۆیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرم، بۆ ئه‌وه‌ی بێ به‌ش نه‌بن له‌و پرۆسه‌یه، پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمیش به هه‌ركه‌سێك ده‌كرێت كه نزیك بێت له هاووڵاتیه خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كه‌و ته‌نها پێداویستییه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت.
ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی
31ی 10ی 2016