بەڕێوەبەری گشتی بەدواداچون بۆ حاڵ و گوزەرانی خانەوادەیەک دەکات کە (5) ئەندامی خێزانەکە خاوەن پێداویستی تایبەتن.
ئیسماعیل ڕەشید : لەنێو ئەم خێزانەدا، 5 ئەندامی نەخۆشی شەلەل دەماغ هەن کە بە بیستنی چیرۆکەکانیان مرۆڤ دڵی دەگوشرێت، سوپاسی دایک و باوکیان دەکەم کە وێرای ئاستەنگەکان بەڵام بەورەیەکی بەرزەوە ڕوبەڕوی گرفتەکان بونەتەوە.
ڕۆژی هەینی 19ـی ئــابی2022 ، بەڕێز م. ئیسماعیل ڕەشید ، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ، بۆ بەسەرکردنەوەی خانەوادەیەک کە 5 ئەندامی خانەوادەکە خاوەن پێداویستی تایبەتن سەردانی شارۆچکەی پیرەمەگرونی کرد.
لەسەردانەکەیدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی لە نزیکەوە لە ژیان و گوزەرانی پرسینەوەو گوێی لە کێشەو داواکاریەکانیان گرت و هەروەک سوپاسی دایک و باوکی کردن بۆ ئەو ماندوبونەی لەگەڵ منداڵەکان دەیچێژن وێرای کاری ڕۆژانەیان دەبێت خزمەت بەو کەمئەندامانە بکەن کە ئەرکێکی قورس و گرانە، و پاڵپشتی خۆی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ دوپات کردنەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز جەزا عەزیز، باوکی منداڵەکان وتی "من بەوانەوە دەژیم و زۆر وابەستەی ئەوانم. بەبەردەوامی بیر لەوان دەکەمەوە. پەیوەندییەکی زۆرم پێیانەوە هەیە. بۆ من زۆر گرانە ددان بەوەدا بنێم و لەوەبگەم، کە ئەوان گەورە بوون و تەنگەژە و گرفتی گەورەش لە ژیانمدا ئەوەبووە هەوڵبدەم هاوسەنگییەک لەنێوان خێزان و کارەکانمدا ڕابگرم سوپاسی خوای گەورە دەکەم کە بەسەری کردومەتەوە وپاشان سوپاسی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی دەکەین کە هەمیشە ئێمەی لەبیرە".
ئەوەی شایەنی باسە بەڕێز خاتوو کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە ماوەی ڕابردودا کورسیەکی کارەبایی بۆ دابین کردن کە بوە هۆی دڵ خۆشی منداڵەکان.
|