به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی حكومی‌و په‌رله‌مانی‌و حزبی‌و ڕێكخراوه‌كان، مه‌راسیمێكی تایبه‌ت به ده‌ستپێك‌و كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه له شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 31ی 8ی 2016، به ئاماده‌بوونی د.موحه‌ممه‌د هاودیانی وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان‌و پارێزگاری سلێمانی‌و نوێنه‌ری حزبه سیاسییه‌كان‌و سه‌رۆك‌و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و زانایانی ئاینی‌و نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كانی بواری مافی منداڵ‌و ئافره‌تان‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و میدیاكاران، مه‌راسیمێكی تایبه‌ت به ده‌ستێك‌و كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه هۆڵی بۆنه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاوێریی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.
د.موحه‌ممه‌د هاودیانی، وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كاتی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌دا
له‌و بۆنه‌یه‌دا هه‌ریه‌كه له د.موحه‌ممه‌دا هاودیانی وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی‌و گه‌شه دارا حه‌فید، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له په‌رله‌مانی كوردستان‌و سه‌رۆكی ڕێكخراوی ستێپ وته‌یان پێشكه‌شكرد.
له‌وته‌كه‌ی خۆیدا، عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوبه‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی، سه‌ره‌ڕای به‌خێرهاتنی میوانه‌كان‌و ئاماده‌بووان وتی: " پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه، كه زیاتر له ساڵێكه له پارێزگای سلێمانی كاری تێدا ده‌كرێت‌و له ئێسته‌دا ئێوه‌ی به‌ڕێز ئاماده‌ی مه‌راسیمی كردنه‌وه‌و ده‌سپێكی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌و ته‌واو بوونی زۆرینه‌ی كاره‌كانی له ڕاهێنانی ستاف‌و خێزانه خۆبه‌خشه‌كان‌و كاره‌كانی تری پڕۆژه‌كه ده‌بن، بیرۆكه‌یه‌كی نوێیه‌و وڵاتانی پێشكه‌وتوو، ئه‌وانه‌ی مافی منداڵ تیایاندا له ئاستێكی به‌رزدایه‌و حكومه‌ت‌و خه‌ڵك زۆر به‌بایه‌خه‌وه له ماف‌و ژیان‌و ئاینده‌ی منداڵ ده‌ڕوانن، زه‌مه‌نێكه ئه‌زموونیان كردووه‌و به‌رهه‌مه‌كه‌ی خزمه‌تی گه‌وره‌ی منداڵی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، بیرۆكه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه شوێنی ئاسایی منداڵ ته‌نها چوارچێوه‌ی خێزانه، له‌كاتی له‌ده‌ستدانیشیدا ئه‌وه جارێكی‌تر ته‌نها خێزانێكی نوێی خۆبه‌خش ده‌توانێت كه‌مێك قه‌ره‌بووی سۆز‌و سروشتی ژیان بۆ منداڵ بكاته‌وه".
عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی
له‌باره‌ی قه‌یرانی دارایی‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی عومه‌ر گوڵپی، وتی:" قه‌یرانه جۆراوجۆره‌كان‌و قه‌یرانی دارایی هاوشێوه‌ی هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی تر له كوردستان كاریان كردووه‌ته سه‌ر ئه‌داو توانای كاركردنی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌یرانی دارایی ببێته هۆی وشكبوونی دره‌ختێك به‌هۆی بێئاوییه‌وه له پاركێكدا، خراپی ڕێگه‌و بانه‌كان، كه‌بوونه‌وه‌ی سه‌عاته‌كانی كاره‌با، ئه‌وه بزانن له شوێنێك كه منداڵێكی ساوا، به‌ساڵاچوویه‌ك، په‌ككه‌وته‌یه‌ك، ئافره‌تێكی هه‌ڕه‌شه‌لێكراوی تیا بژی، وه‌ك ماڵێكی 24 سه‌عاتی، كاریگه‌رییه‌كانی قه‌یرانی دارایی چه‌ند گه‌وره‌ن‌و چه‌ند مایه‌ی نیگه‌رانی هه‌موو لایه‌كمان ده‌بن ".
هه‌روه‌ها د.موحه‌ممه‌د هاودیانی، وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له وته‌كه‌یدا، سه‌ره‌رای ده‌ستخۆشی له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاوێری كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی، باسی له سیاسه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد كه گرنگی زۆر به پاراستنی منداڵ ده‌ه‌ن‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌م پڕۆژه نوێیه‌وه ده‌یانه‌وێت ژینگه‌یه‌كی باشتر‌و له‌بارتر بۆ په‌روه‌رده‌ی منداڵ بڕه‌خسێنن به‌جۆرێك باشتر له گه‌ڵ جاڕنامه‌ی گه‌روونی بۆ مافه‌كانی منداڵ یه‌كبرگێته‌وه، هه‌روه‌ك جه‌ختی كرده‌وه له‌وه‌ی وه‌زاره‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت له به‌رزركردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان‌و هیواشی خواست قه‌یرانی دارایی به‌زوویی تێپه‌ڕێت هه‌تا باشر خزمه‌ت بكه‌ن‌و له كۆتایی وته‌كه‌شیدا پیرۆزبایی له كردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه پڕ له خێره كرد بۆ منداڵانی كوردستان.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ده‌ستخۆشی له كار‌و پڕۆژه‌ی له‌و جۆره بۆ خزمه‌تی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت، پاڵپشتی خۆشی بۆ پڕۆژه‌كه پیشانداو هیوای خواست به‌زوویی له خزمه‌تی منداڵاندا كاره‌كانی ببینن‌و هه‌رچی زووه منداڵ بگه‌ڕێنرێته‌وه ئامێز‌و چوارچێوه‌ی خێزان .
گه‌شه دارا حه‌فید، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له په‌رله‌مانی كوردستان
هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا، موحه‌ممه‌د حه‌مه‌عه‌لی، به‌رپرسی هۆبه‌ی خێزانی جێگره‌وه له چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی، له پریزینته‌یشنێكدا، تیشكی خسته سه‌ر ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌و ئامانجه‌كانی‌و سه‌رجه‌م ئه‌و قناغانه‌ی پیایدا تێپه‌ڕیوه تا ڕۆژی ده‌ستپێك‌و ڕاگه‌یاندنی .
موحه‌ممه‌د حه‌مه‌عه‌لی، به‌رپرسی هۆبه‌ی خێزانی جێگره‌وه له چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی
پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه پڕۆژه‌یه‌كی نوێی وه‌زاره‌تی كاره‌و به پشتیوانی ڕێكخراوی یونسێف‌و ستێپ به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و بۆ یه‌كه‌مجار له شاری سلێمانی ئه‌زمونده‌كرێت، تیایدا منداڵانی خانه‌كان له رێگه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه ده‌نێردرێنه نێو ئه‌و خێزانانه‌ی پاش دڵنیابوونه‌وه له شیاوێتیان بۆ به‌خێوركردنی منداڵ پێیان ده‌سپێردرێت .
ئه‌م پڕۆژه‌یه بۆ یه‌كه‌مجاره له كوردستان‌و عێراق جێبه‌جێده‌كرێت‌و ئه‌و ڕێكاره یاساییه توندانه‌ی له یاسای چاودێریی نه‌وجه‌وانانی عێراقیدا هه‌یه ڕه‌چاو ناكات‌و زیاتر پشت به ڕێكاره كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونییه‌كان ده‌به‌ستێت‌و مه‌رجی ئه‌وه‌ی كه منداڵه‌كه دایك‌و باوكی دیار نه‌بێت‌و ئه‌و خێزانه‌ش كه منداڵیان پێ ده‌سپێردرێت منداڵیان نه‌بێت كه له یاسا عێراقییه‌كه‌دا ڕه‌چاو ده‌كرێت ئه‌م پڕۆژه‌یه ڕه‌چاوی ناكات.
له كۆمه‌ڵگه‌ی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی له سلێمانی، نزیكه‌ی 80 منداڵی خانه‌كان بوونیان هه‌یه، له‌وانه 22 منداڵیان له خانه‌ی ساوایان كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان (0 بۆ 4) ساڵن‌و ئه‌وانیتریش به‌سه‌ر خانه‌كانی كوڕان‌و كچاندا دابه‌ش ده‌بن، له سه‌ره‌تاشدا پڕۆژه‌كه منداڵانی یه‌ك ڕۆژه بۆ 5 ساڵ له خۆ ده‌گرێت.
سه‌رنج حه‌سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی