لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەدواداچون بۆ کێشەی منداڵێکی سەرشەقام دەکات و ڕونکردنەوەی لەسەر دەدرێت.
پاش بڵاوبوونەوەى وێنەى منداڵێک لەسەر یەکێک لە شەقامەکانى شارى سلێمانى، بەڕێوەبەرایەتى گشتى چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی اە پارێزگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت ئەو منداڵە باوک و دایکی هەیەو لەگەڵ چەند منداڵێکی تر کە خوشک و براین بە مەبەستی دەروەزە لەلایەن دایک و باوکیەوەبەکار دەهێنرێن.
هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە بەڕێوەبەرایەتى گشتى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى سلێمانى بە دڵسۆزى کارمەندان و بەڕێوەبەرو بەرپرسانى چاودێرى کۆمەڵایەتى توانیومانە باوەش بۆ هەر مندالێک بکەینەوە کە بەهەر هۆکارێک خێزانەکەى لەدەست دەدات، و لەم ڕووەوە سلێمانى پیشەنگە.
دەقى ڕوونکردنەوەکە:
ڕوونکردنەوەیەک لهبارهی مانەوەی منداڵێک له ترافیکی شەقامێکی سلێمانی.
لهبارهی بڵاوبوونهوهی وێنهی منداڵێک له سەر یەکێک لە شەقامەکانی شاری سلێمانی، هاووڵاتیانو دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاگاداردەکەینەوە، شەوی ڕابردو ،
١٦/سێپتەمبەری/٢٠٢١، لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز، خاتوو کوێستان محمد ،وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ، بە سەرپەرشتی بەڕێز، خاتوو ڕازاوە میرزا ،جێگری بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ، بۆ بە هاناوە چونی ئەو منداڵە کاتژمێر (٨ی شەو ) سەردانی ئەو شەقامەیان کرد کە منداڵەکەی لێ دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی لە سەر ئەو شەقامە نەمێنێتەوە و کاری پێویستی بۆ ئەنجام بدرێ بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەک کراو بۆ وەرگرتنو خزمەتکردنیان لە ماڵەکانی منداڵان.
بەڵام پاش بەدواداچونی ورد دەرکەوت کە ئەو منداڵە لەگەڵ چەند خوشک و برایەکی بەکار دەهێنرێن لەلایەن باوک و دایکیان ،کە منداڵەکانیان بە مەبەستی دەروەزە کردن لەسەر ئەو شەقامە جێ دەهێڵن و بێ گوێ دانە ڕەچاو کردنی مافەکانی منداڵان و مەترسیەکانی دەروەزەیان پێدەکرێت.
بۆیە بە پێویستی دەزانین هاووڵاتیانو دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاگاداربکەین ، کە ئێمە بە پێی ئەرکە یاساییەکانمان کاریان بۆ دەکەین و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەو کێشەیە گفتوگۆ دەکەین تا کێشەی منداڵانی سەر شەقامەکان چارەسەر بکرێن.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى سلێمانى بە دڵسۆزى کارمەندان و بەڕێوەبەرو بەرپرسانى چاودێرى کۆمەڵایەتى توانیومانە باوەش بۆ هەر مندالێک بکەینەوە کە بەهەر هۆکارێک خێزانەکەى لەدەست دەدات، و لەم ڕووەوە سلێمانى پیشەنگە.
ماڵی منداڵانی سلێمانی، بەشێوەی بیستو چوار سەعات، دەرگای کراوەیە بۆ لە ئامێزگرتنی ئەو منداڵانەی کە بەهەر هۆکارێک پێویستیان بەو شوێنە شایستەیە هەیە و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیو دەروونیو تەندروستیو پێویستی ڕۆژانەی ژیانیان پێشکەش دەکات.
لەگەڵ رێزدا
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی
١٧/دیسەمبەری/٢٠٢١