رۆژی یەکشەممە، ٩ی ٨ی ٢٠٢٠، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانو نووسەرانو ڕۆژنامەنووسانو ڕۆشنبیران، لە باخچەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت، بۆنەیەکی تایبەت بە ناساندنو بڵاوکردنەوەی کتێبی (ژیان لەسەردەمی کۆرۆنا)دای ڕۆژنامەنووسو توێژەری کۆمەڵایەتی لەتیف حسێن بڵاوکرایەوە.
نووسەر لە زۆر بواردا تیشکی خستووەتە سەر ژیان لە دۆخی کۆرۆناداو زۆر بەباشی توانیویەتی زۆرێک لە ڕووداوەکانو زانیارییەکانو لێکدانەوەکان دۆکیومێنت بکات، بەشێکی کتێبەکەش تەرخانە بۆ چاوپێکەوتنی ژمارەیەک کەسو ڕۆشنبیری پەیوەندیدار بە دۆخی کۆرۆناو لێکدانەوەو قسەلەسەر کردنی، یەکێک لەو کەسانەش، بەڕێز م.عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێریو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانیە کە لە خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەی بڵاو دەکەینەوە.
پوختەی ناساندنی کتێبەکە:
ناوی کتێب: ژیانە لەسەردەنی کۆرۆنا.
ناوی نووسەر: لەتیف حسێن.
پیاچوونەوەی: ژوان ئەحمەد سەعید.
دیزاین: هەرێم عوسمان.
چاپ: چاپخانەی حەمدی.
نۆبەتی چاپ: چایی یەکەم، ساڵی ٢٠٢٠.
تیراژ: ٥٠٠ دانە.
دەقی چاوپێکەوتنی نووسەری کتێب لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیمان کە لە کتێبەکەدا بڵاوکراوەتەوە:
نەخۆشی كۆرۆنا تەنگی بە مرۆڤەكان بەجۆرێك هەڵچنیوە بە بێ ئەوەی هەوڵاوردن بكات لەنێو تەمەنیاندا، زۆر قسەوباس لەبارەی ئەوەوە دەكرا كە ئەوانەی تەمەنیان بەرەو سەرەوە هەڵكشاوە كۆرۆنا دەیان كوژێ، رستەو قسەیەكی زۆر بێڕەحمانە بەرامبەریانكرا، بەبێ ئەوەی ئاگامان لەوە بێت زۆرێك لە تەمەن گەورەو بەساڵاچووەكانمان لەخانەی بەساڵاچوانن و دوورن لەهەموو سۆزێكی خێزانەكانیشیان، لەسلێمانی چاودێری ئەوان زۆر كرا، تەنانەت ماوەی دوو هەفتە كەرنتینەكران، بۆ ئەم قسەوباسانەو دۆخی خانەی بەساڵاچوان و منداڵانی بێ سەرپەرشت، گفتوگۆیەكمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لەسلێمانی سازكردوەو ئاماژە بەرەوشی خانەكان و بارودخۆی هەژاران و بەدەمەوەچوونی خەڵك بۆ ئەوان دەكات لەسەردەمی كۆرۆنادا.
لەتیف حسێن: زیان و كاریگەرییە خراپەكانی كۆرۆنا بۆ سەر خەڵكی كەمدەرامەت و هەژارەكان گەیشتە چ ئاستێك؟
عومەر گوڵپی: بە بڕوای ئێمەو زۆرینەی لێكدانەوەكانیش كە لە ئێستەوە نیشانەكانی دەركەوتوون، هەڕەشەو مەترسیی لێكەوتەكانی كۆرۆنا زۆر لە هەڕەشەو مەترسییە ڕاستەوخۆ تەندروستیەكەی زیاتربن، هەژارەكان هەژارتر بوون و ئەوانەشی لە نزیك هێڵی هەژارییەوەبوون بەتایبەت ئەوانەی سەرچاوەی داهات و بژێویان لەسەر كاری ڕۆژانەو كرێكاری بوو كەوتوونەتە خوار هێڵی هەژاری و ژمارەی هەژارە ڕاستەقینەكانیان زۆر زیاتر كردووە، ئەوانەی كە ناتوانن پێویستیە سەرەتاییەكانی ژیان بە ئاسانی بەدەست بخەن، ڕۆژانە دەیانو سەدان پەیوەندیمان بۆ دێت كە داوای هاوكاری و بەهاناوەچوون دەكەن، بەتایبەت داوای هاوكاری خواردن و پێداویستی ژیان دەكەن، ئەوە لە كوردستان، لە دونیاشدا ئامارو داتا ئابوری و داراییەكان هەواڵی دڵخۆشكەریان پێ نیەو پێ ئەچێت داكشانێكی ئابوری وا بێتە پێش كە لە دوای ئەو داكشانەی بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمە یەكەمجاربێت ڕووبدات، هەربۆیە بە ترلیۆن زیان چاوەڕوانی ئابوری وڵاتان و ئابوری جیهان دەكات و لەگەڵ خۆشیدا لێشاوی لەدەستدانی كار بۆ ژمارەیەكی ئێجگار زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لەتیف حسێن: كاریگەری ئەم دۆخە لەسەر بەتەمەنەكان و منداڵانی بێ سەرپەشت ومنداڵانی بێ سەرپەرشت چی بوون، ئێوە لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخی ئەوانن، بەداخەوە لەسەرەتادا باس لەوە دەكرا ئەم نەخۆشییە پیرو بەتمەنەكان دەكوژێت، ئێمە بەم رستەیە دەرهەق بەوان چیمانكرد؟
عومەر گوڵپی: ڕێنماییەكانی خۆپارێزیو مانەوە لە ماڵەوەو ئەو هەواڵ و زانیارییانەی كە پەیوەندییان بە مەترسییەكانی كۆرۆناوە هەبوو و هەیە، بێگومان بێزارییەكی زۆریان لای هەموو هاووڵاتیەك دروست كردووە، بێگومان بۆ منداڵان بە شێوەیەكی گشتی و ئەو تەمەنانەی كە پێویستیان بە چاودێری و ناز هەڵگرتن هەیە زۆر زیاتر.
منداڵانی بێ سەرپەرشت چ ئەوانەی لە ماڵەوە لای دایكیان یان خزمەكانیان یان ئەوانەی لە دەرەوەی ژیانی خێزانی دەژین، كاریگەریی زۆر زۆری دەروونی هەیە لەسەریان، بیهێنە پێشچاوی خۆت چەند زەحمەتە منداڵێك بۆ ماوەی مانگێك یان زیاتر نەچێتە پاركێك، یان شوێنێكی یاریكردن، یان خوێندنگەو باخچەو بینینی هاوڕێكانی، ئەمە لە دۆخێكدا لە ڕووی ژیرییەوە ناتوانێت وەك گەورەكان لە مەترسییەكان تێ بگات و بڕوا بهێنێت بەو هەڕەشەیە بەئاسانی.
بەهەمانشێوەش بۆ بەساڵاچووان، بەتایبەت كە زۆرێك لە زانیارییەكان باسیان لە مەترسی ئەكرد بۆ بەساڵاچووان، لە ڕاستیشدا لە زۆر وڵات بەو جۆرەبوو، دواجار دەبێت شوكری خوا بكەین كە وڵات و گەلەكەمان بە ژن و پیاوەوە، بە منداڵ و بەساڵاچووەوە سەلامەت بوون و ئینشەڵا لە داهاتووش سەلامەت دەبن و ئەم پەتا كوشندەیە تێدەپەڕێنین و تەنها وەك چیرۆك بۆ یەكدی دەگێڕینەوە.
بێگومان ئێمە لەم بوارەدا خۆمان بۆ دۆخی زۆر خراپ ئامادە دەكرد، ماڵی بەساڵاچووانی سلێمانیمان كەرەنتینە كرد، هەروەها ماڵەكانی منداڵانیش، هەروەها ماڵێكی تایبەتمان كردەوە بۆ پێشوازی لە منداڵان لە كاتی ئەگەری بەركەوتنی دایكو باوكیان بە نەخۆشی كۆرۆناو لە دەستدانی چاودێری خێزانی، شوكر بۆ خوا نەگەشتینە ئەو قۆناغە، كە ئەگەرێكی كراوە بوو، لە یەكێك لە میدیاكان خوێندمەوە كە لە ئیسپانیا پاش هەفتەیەك زانراوە كە 27 بەساڵاچوو لە ماڵێكی بەساڵاچووان بەهۆی بەجێهێشتنی كار لەلایەن كارمەندانەوە لە ترسیان لە كۆرۆنا گیانیان لەدەستدابوو، ئایا بە ڕاستی ئەمە هەڕەشەیەكی جددی نییە لەسەر ئەو توێژانەی كە خۆیان ناتوانن خۆیان بپارێزن و چاودێری خۆیان بكەن؟
لەتیف حسێن: ئەوەی لەعێراق باس دەكرێت كە رێژەی بێكاری لە 20% بۆ 24% بەرزكردەوە، بەبڕوای تۆ لێرە لەهەرێم ئەم رێژەیەی بەكوێ گەیاند كۆرۆنا؟
عومەر گوڵپی: ئەگەرچی ئامارو ڕووپێوییەكی دروست نییە كە ژمارەی بێكارانمان پێ پیشان بدات لە كوردستان، بەڵام بێگومان ژمارەكە هەرچەند بووبێت ئێستا چەند هێندەیە، دەكرێت نزیك بێت لەوەی عێراق، بەڵام هەموو ئومێدمان وایە بە زوویی بەشێك لە دۆخەكە باش ببێتەوەو ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كاریان دەكرد بگەڕێنەوە سەركارەكانیان و ئەوانەی كاری ڕۆژانەی بازاڕیان دەكرد بگەڕێنەوە بۆ كاری ڕۆژانەی خۆیان، بەڵام بەپێی پێشبینی من دۆخی بێكاری باش نابێت و بێكاری هەڕەشەیەكی جدیە بۆ گەنجان و خێزانە تازەكان.
لەتیف حسێن: بەدەمەوە هاتنی خەڵكی دەوڵەمەندو خواپێداوەكان بۆ خەڵكی لە چ ئاستێكدایە؟
عومەر گوڵپی: بەدەمەوە هاتنی میللی لە ئاستێكی زۆر باشدایە، هەمیشە گەلی ئێمە وابووە لە كاتی كارەسات و خەم و هەڕەشە گەورەو فراوانەكاندا چ لە دوژمنەوە بووبن یان دیاردەی سروشتی یان تەندروستی بن، جیاوازییەكان وەلا دەنێێن و دەست لە دەستو پشت بە خوا دەبینە براو هاوكارو پشتیوان یەكتر دەبین، ئەمە سیفەت و خەسڵەتی كورد بووە هەمیشە، هەر بۆیە ئەو پشتیوانی و دەستبارگرتنە بۆ هەژارەكان و گەیاندنی هاوكاریی لە بواری خواردن و هاوكاری تر لە هەرێمی كوردستان بەڕاستی بێوێنەیە، ئەوە لەسەر ئاستە میلیەكەی، لەسەر ئاستی سەرمایەدارە گەورەكان وەك پێویست نایبینم، بەداخەوە، بەتایبەت هێندێك لەسەرمایەدارە گەورەكان تەنها وەك بەرتیلێك بۆ حكومەت هاوكاری خەڵك یان دامەزراوەیەك دەكەن ئەوەش لە ڕێگەی ئەو دامەرزاوانەی كە بەرژەوەندییەكانیانی تێدا دەپارێزرێت، ئەمە ڕاستیەكەو دەبێت بیڵێم، كە زیاتر كەسانی دڵ دەوڵەمەند بەشداری باشیان هەیە لە پشتیوانی هەژارەكان نەوەك سەرمایەدارە ناودارو بەناوبانگەكان.
لەتیف حسێن: كۆتا پرسیارم بە بڕوای ئێوە دوای كۆرۆنا ژیانی كۆمەڵایەتی ئێمە بەرەو چ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێ؟
عومەر گوڵپی: بێگومان كۆرۆناو دەرهاویشتەكانی كاریگەریی لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان دەبێت، تێگەیشتنی زۆر كەس دەگۆڕێت چ لە ڕوانگەی زانستی و زانستی پزیشكی، چ لە ڕوانگە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكەی، بەتایبەت ئەو ڕووكردنە ماددە پەرستی و فەرامۆشكردنەی لایەنی دەروونی و ڕووحی مرۆڤ لەلایەن شارستانیەتی زاڵ لە دونیادا كە بەرجەستەبوو، بەوجۆرە نامێنێت و مرۆڤ قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی بۆ دەردەكەوێت و پێ ئەچێت ڕاچڵەكینێك بێت بۆ پشتكردنە ماددە گەری و گەڕانەوە بۆ بەها مرۆییەكان، بەتایبەت كاتێك دەبینێت لە پێشچاوی بە هەزاران دەمرن بەبێ ئەوەی ئەو زانست و ماددەیەی كە خەریكبوو بوو بووە چەقی بیركردنەوەی مرۆڤ و جێگەی ئاینی دەگرتەوە هیچی بۆ ناكرێت، ئەوە بەو جۆرە ڕەهاییە نامێنێت، وای دەخوێنمەوە كە مرۆڤ زیاتر بگەڕێتەوە بۆ خۆی، بۆ تێگەیشتنی دروست بۆ ژیان، بۆ سنوردانان بۆ بەزاندنی سروشتی مرۆڤبوون و یاساكانی سروشت و هاتنە خوارەوە لە كەلی سەركەشی و یاخیبوون، ملدان بۆ ئەوەی كە مرۆڤ مرۆڤە و ئەم سروشتە یاسای خۆی هەیەو بەبێ حیكمەت شەووڕۆژو سەدەو ساڵەكان تێناپەڕن.
بەڕێزت ببینە مرۆڤ گەیشتووەتە مارە بڕینی هەمان ڕەگەزو بە یاساییكردنی هاوڕەگەزبازی، ئایا ئەمە بازدان نییە بەسەر مرۆڤبووندا؟ ئایا ئەمە پێشێلكردنی یاساكانی سروشت و فیترەت نییە؟ ئایا ئەمە پێشێلكردنی حیكمەتی خەلق نییە؟ پێ ئەچێت كۆرۆنا بیركردنەوەی مرۆڤ بۆ ئەو ئاستە بگەڕێنێتەوە كە سەرەڕای پێشكەوتنە زانستیەكان، بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆجیا، دەستكەوتی زۆری ماددی، نابێت واز لە بنەماكانی مرۆڤبوونی خۆی بهێنێت، نابێت یاساكانی سروشت تێپەڕێنێت، نابێت بێ منەت بێت لە مرۆڤەكانی تر، نەوەك مرۆڤەكانی دەوروپشتی، بەڵكو چارەنووس و بەرژەوەندی مرۆڤ و گەل و پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی لەو سەری دونیا، دەكرێت چارەنووس و بەرژەوەندی من و تۆی هاووڵاتیش بێت لە كوردستان، ژیانی ئەوان ژیانی ئێمەبێت و مردنی ئەوان، هەواڵی مردنی ئێمەش بهێنێت، مرۆڤ بەبێ جیاكاری ئاینی و ڕەگەزی و نەتەوەیی و ڕەنگی پێست، ئایا ئەم بیركردنەوەیە بەبێ كرۆنا گەڵاڵە دەبوو؟